داعش زیانی 485 ملیار دیناری لە بانکێک داوە

هەواڵ / عێراق :: 18/04/2019‌ :: 519‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی رافیده‌ین چوارشه‌ممه‌ 17ی نیسانی 2019 ئاشكرای كرد، له‌وكاته‌ی داعش چه‌ند پارێزگایه‌كی داگیركرد، بانكه‌كه‌یان 485 ملیار دینار زیانی بەركه‌وتووه‌.

خه‌وله‌ تالب جه‌بار به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی رافیده‌ین، به‌ رۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی راگه‌یاندووه‌: ئه‌و زیانانه‌ی له‌كاتی داگیركردنی پارێزگاكانی عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ لێیانکەوتووە، گه‌یشتۆته‌ 485 ملیار دینار، سه‌رباری كاولبوون و رووخانی لقه‌كانی بانك له‌و ناوچانه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی رافیده‌ین ده‌شڵێت: "دوای شه‌ڕی ئازادكردنی ناوچه‌كان، بانك زۆرینه‌ی لقه‌كانی نۆژه‌نكردۆته‌وه‌، له‌ كاتێكدا هه‌ردوو لقی بانكه‌كه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ته‌واوی كاولبوون، حه‌وت لقی تریش له‌و پارێزگایه‌ كارده‌كه‌ن، خزمه‌تگوزاری به‌ هاوڵاتیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن".

بانكی ناوه‌ندی عێراق، رۆژی 17ی ئایاری 2017 رایگه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و لقه‌ بانكییانه‌ی داعش ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌ نه‌ختێنه‌ و نا نه‌ختێنه‌ییه‌كانیاندا گرتووه‌، له‌و پارێزگایانه‌ی داگیریكردوون، گه‌یشتۆته‌ 121 لقی سه‌ربه‌ بانكه‌ حكومییه‌كان، كه‌ یه‌كێكیان لقی موسڵی بانكی ناوه‌ندییه‌.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure