دوای 30 ساڵ دەسەڵات لە وڵاتەكەی خۆی زیندانی كرا

هەواڵ / جیهان :: 17/04/2019‌ :: 123‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

هێزە ئەمنییەكانی سودان گواستنه‌وه‌ى عومەر بەشیر سەرۆكی له‌سه‌ركارلادراو بۆ زیندانێك له‌ خه‌رتوم-ى پایته‌خت راده‌گه‌یه‌نن.

سەرچاوەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی سودان رایگەیاند: عومەر بەشیر، سەرۆكی له‌سه‌ركارلادراو گواستراوەتەوە بۆ زیندانی كوبه‌ر لە خەرتوم.

سەرچاوەیەكیش لە خێزانی بەشیرەوە بۆ رۆیتەرزی راگەیاندووە: زانیارییان پێگەیشتووە درەنگانی شەوی رابردوو رەوانەی زیندانی كوبه‌ر كراوە كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ زیندانیانى سیاسى.

پێشتریش به‌شیر لە كۆشكی كۆماریی لەژێر چاودێریدا بووە له‌دواى دەستگیركردنی لە رۆژی 11ی ئەم مانگەدا.

به‌شیر ماوه‌ى 30 ساڵ حكومى وڵاته‌كه‌ى له‌ده‌ستدابوو تا وه‌لانانى له‌ هه‌فته‌ى رابردوو پاش ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى له‌ كانونى یه‌كه‌مى رابردوه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا.

بەشیر بە كۆمەڵكوژی تۆمەتبارە كە لە نێوان 2003 و 2008 لە دارفۆر ئەنجامیداوە.

پێشتر ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری سەربازی سودان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: بڕیارى رادەستی به‌شیر به‌ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان له‌ به‌رامبه‌ر ئەو كۆمەڵكوژییەی لە دارفۆر ئەنجامیداوە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌ڵبژێردراو.

وه: ك. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure