جه‌بار یاوه‌ر: تا كۆتایى ئه‌مساڵ بەغدا 816 ملیار دینار بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانده‌كات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 17/04/2019‌ :: 9232‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێم له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ده‌كات، به‌غدا مانگانه‌ 68 ملیار دینار وه‌ك مووچه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ خه‌رجده‌كات كه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ ده‌كاته‌ 816 ملیار دینار، ده‌ڵێت: "پڕۆژه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكارى له‌ ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا كه‌ یه‌كخستنى لیواكان له‌خۆده‌گرێت".

دواڕۆژ: ورده‌كارى رێككه‌وتن له‌باره‌ى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناردنى له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ چییه‌؟
جه‌بار یاوه‌ر:
پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند نوسراوێك له‌نێوان ئێمه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگرى و دارایى عێراق  ئاڵوگۆڕكرا، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران عادل عبدولمه‌هدى دواین بڕیارى له‌ به‌روارى 9ى نیسان ده‌ركرد، به‌ گواستنه‌وه‌ى بودجه‌ى ته‌رخانكراو به‌پێى یاسایى بودجه‌ى ساڵى 2019 عێراق، به‌وپێیه‌ ده‌بێت مانگانه‌ 68 ملیار دینار ته‌رخانبكرێت بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ ساڵێكدا ده‌كاته‌ 816 ملیار دینار، به‌پێى نوسراوه‌كه‌ بودجه‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى عێراق و داوا ده‌كات له‌ مانگى یه‌كى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا كۆتایى ساڵى 2019ـه‌ ئه‌و بڕه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ خه‌رجبكرێت به‌پێى رێكار و رێنماییه‌كانى دارایی، دوێنێ سێشه‌ممه‌ش به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى نوسراوێكمان ناردوه‌ بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى رێكاره‌كان دیارى بكرێن، كه‌ چى پێویسته‌ بۆ خه‌رجكردنى.

دواڕۆژ: به‌غدا به‌رده‌وام كێشه‌ى له‌ راست و دروستیى ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، ئایا دیاریكراوه‌ مووچه‌ى چه‌ند پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێت؟
جه‌بار یاوه‌ر:
حكومه‌تى ناوه‌ند هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ و چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى، به‌ڵكو نوسراوه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى زۆر روونه‌، مانگانه‌ 68 ملیار خه‌رج بكرێت بۆ موچه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ كانونى یه‌كه‌مه‌وه‌ تا  كۆتایى  ئه‌مساڵ، نوسراوه‌كه‌ باسى ئه‌وه‌ ناكات كه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت، ئێمه‌ش نوێنه‌رمان ناردووه‌ بۆ به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنى رێكاره‌كانى.

دواڕۆژ: ئایا ئه‌مساڵیش ئه‌مریكا بودجه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانده‌كات؟ له‌ حاڵه‌تى نه‌مانى ئه‌و پاره‌یه‌، به‌دیلتان چییه‌؟
جه‌بار یاوه‌ر:
ئه‌مریكا بودجه‌ بۆ 36 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ دابینده‌كات، مانگانه‌ ده‌كرێت به‌ مووچه‌ و پێیانده‌درێت و تائێستاش به‌رده‌وامه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا خه‌رجى ده‌كات بۆ پێشمه‌رگه‌ هاوكارییه‌، ئه‌مه‌ش تا سه‌ر نییه‌، بۆیه‌ له‌كاتى خۆیدا به‌دیلمان ده‌بێت و كێشه‌ دروست نابێت.

دواڕۆژ: له‌مه‌ودوا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌كه‌ن بۆ كاروبارى پێشمه‌رگه‌؟
جه‌بار یاوه‌ر:
یاسا ئه‌مه‌ دیارى ده‌كات، با یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌ربكرێت ئه‌وكات حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ترى هه‌رێم، پابه‌ندن به‌ په‌یڕه‌وكردنی و چاوه‌ڕێى ده‌ركردنى یاساكه‌ ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ ده‌گونجێت پۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ جگه‌ له‌ یه‌كێتى و پارتى بدرێت به‌ لایه‌نێكى تر؟
جه‌بار یاوه‌ر:
ئه‌مه‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ر رێككه‌وتنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، تائێستا یه‌كێتى داواى ئه‌م پۆسته‌ ده‌كات، هه‌ر گۆڕانكارییه‌كیش په‌یوه‌سته‌ به‌رێككه‌وتنى نێوان پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان، تائێستا یه‌كێتى به‌ پشكى خۆى ده‌زانێت.

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كان خۆت كاندید ده‌كه‌یت بۆ پۆستى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌، راسته‌؟

جه‌بار یاوه‌ر: به‌ڵى راسته‌، ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى پێوه‌ره‌كان چییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو كابینه‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى بێت ئه‌مه‌ جیایه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك خۆى كاندید بكات ئه‌مه‌ شتێكى تره‌، من نه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیم نه‌ له‌ مه‌كته‌بى سیاسی، كه‌سێكى پڕۆفیشناڵم له‌ كاروبارى سه‌ربازیى و پێشمه‌رگه‌، 42 ساڵى له‌م بواره‌دا كارم كردووه‌، بێگومان ئه‌گه‌ر پێوه‌ره‌كان به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بێت كه‌ ته‌نیا سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى ده‌بێت ببن به‌ وه‌زیر، مافى خۆمه‌ خۆم كاندید بكه‌م و داواشم له‌ حیزبه‌كه‌م كردووه‌، به‌ڵام بڕیارى كۆتایى بۆ مه‌كته‌بى سیاسى و ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

دواڕۆژ: باس له‌ نه‌مانى یه‌كه‌كانى 70 و 80 ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر وایه‌ چی گۆڕانێكى به‌سه‌ردا دێت؟
جه‌بار یاوه‌ر:
هیچ ئاڵوگۆڕێك نه‌كراوه‌و هه‌ردوو یه‌كه‌كه‌ له‌ شوێنى خۆیان ماون، به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌كى گۆڕانكارى له‌ پێشمه‌رگه‌دا هه‌یه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یه‌كخستنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پڕۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ و میكانیزمى بۆ دیاریكراوه‌، سه‌رقاڵى گفتوگۆین له‌سه‌ر چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ له‌نێوان یه‌كه‌كانى 70 و 80 و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا.

دواڕۆژ: بایۆمه‌ترى بۆ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان كرا، بۆچى ته‌نیا له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا نه‌كراوه‌؟
جه‌بار یاوه‌ر:
بایۆمه‌ترى بۆ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرا، ئه‌نجامه‌كه‌شى لای لیژنه‌ى باڵاى بایۆمه‌ترییه‌، ئه‌وان ئاگادارى ئه‌نجامه‌كه‌ین، له‌ داهاتوودا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامى بایۆمه‌ترى ده‌دات.
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure