لە دوو پارێزگا بەبۆنەی بەراتەوە پشوو راگەیەندرا

هەواڵ / کوردستان :: 16/04/2019‌ :: 14034‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دوو پارێزگاى عێراق بڕیاریاندا بەبۆنەی هاتنی رۆژی بەراتەوە رۆژێك بکەنە پشووی فەرمی.


ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا لە بەیاننامەیەکدا (ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2019) رایگەیاندووە: بڕیاردرا بەهۆی رۆژی لەدایکبوونی ئیمام مەهدی چاوەڕوانکراو و نیوەی مانگی شەعبانەوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بکرێتە پشوو.

هاوکات ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕەش بڕیایداوە هەمان رۆژ بکرێتە پشوو بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن بەشداری ئەو بۆنەیە بکەن.

بەبۆنەی نیوەی مانگی شەعبانەوە، ساڵانە ملیۆنان هاووڵاتی عێراقی روو لە شاری کەربەلا دەکەن بۆ یادکردنەوەى لەدایکبوونی ئیمام مەهدی چاوەڕوانکراو کە بە ئیمامی 12یەمی شیعەکان دادەنرێت.

پێشتر نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف لە لێدوانێکدا بۆ دواڕۆژ وتی:  شەوی 19 لەسەر 20ی ئه‌م مانگه‌ واتا شەوی هەینی لەسەر شەممە کە دەکاتە 15ی شەعبان، شەوی بەراتە.

لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە سلێمانی، یادی بەرات دەکرێتەوە و لە شه‌ودا منداڵان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ کۆکردنەوەی شیرینی و چکلێت.

ئا: ن.ر
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure