قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌: رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانى فێستیڤاڵى ره‌نگى ره‌ش ناده‌ین

هەواڵ / که‌لتور :: 16/04/2019‌ :: 149‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

دواى ئه‌وه‌ى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌یه‌وه‌ كه‌ رۆژى هه‌ینى فێستیڤاڵى ره‌نگى ره‌ش له‌ پاركى گشتی شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت: "رێگه‌ناده‌ین ئه‌و فێستیڤاڵه‌ له‌ شاره‌كه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئاگادارنه‌بین له‌ هۆكارى ئه‌نجامدانى".

 
نوخشه‌ ناسیح، قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌كو ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ تائێستا له‌لایه‌ن هیچ كه‌س و كۆمپانیا و رێكخراوێكه‌وه‌ ئاگادارنه‌كراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژى هه‌ینى فێستیڤاڵى ره‌نگى ره‌ش له‌ پاركى گشتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه‌ ئێمه‌ رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانى هیچ جۆره‌ فێستیڤاڵێكى له‌و جۆرە ناده‌ین كه‌ به‌بێ پرس و ئاگاداریمان بكرێت، چونكه‌ دواجار پاراستنى گیانى هاووڵاتیان له‌ هه‌ر رووداوێكى نه‌خوازراو له‌ ئه‌ستۆى ئێمه‌دایه‌.
 
وتیشى: "ئه‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت گوایه‌ فێستیڤاڵى ره‌نگى ره‌ش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، تا راده‌یه‌كى زۆر جێگاى سه‌رنجه‌، چونكه‌ تائێستا له‌ هیچ شوێن و وڵاتێك فێستیڤاڵێكى له‌و جۆره‌ له‌ هیچ بۆنه‌یه‌كدا ئه‌نجامنه‌دراوه‌ تا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پرسیشمان پێبكرێت و ئاگاداریش بكرێینه‌وه‌، تا له‌ هۆكارى ئه‌نجامدانى و سووده‌كانى بۆ هاووڵاتیان به‌رچاومان روون نه‌بێت دیسان رێگه‌ى پێ ناده‌ین".
 
په‌روێز نیازى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى رۆشنبیرى و هونه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌یش لایخۆیه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "دوور و نزیك ئاگادارى ئه‌نجامدانى فێستیڤاڵى ره‌نگى ره‌ش نین، بۆیه‌ ئاماده‌نین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكار و یارمه‌تیده‌ریان بین، هاوكات لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانیش په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردووین كه‌ ئه‌وانیش ئاماده‌نین رێگه‌ به‌ ئه‌نجامدانى فێستیڤاڵیكى له‌و جۆره‌ بده‌ن ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیى به‌ ئێمه‌وه‌ نه‌بێت".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure