لافاو زیانی ملیارەها دیناری لە گەرمیان داوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/04/2019‌ :: 301‌ جار بینراوە
وێنە: ئەرشیف

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

له‌ماوه‌ی وه‌رزی بارانبارینى ئه‌مساڵ له‌ سنووری گه‌رمیان، به‌هۆی زۆریی باران و دروستبوونی لافاوه‌وه‌، زیانێكی مادی زۆر به‌ر هاووڵاتیان و پڕۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌ و گرفتی زۆری بۆ خەڵك دروستكردووه‌.


بێستوون ژاڵه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباره‌ مرۆییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی بارانبارین و لافاوه‌وه‌ له‌ سنووری گه‌رمیان زیاتر له‌ 26 ملیار دینار زیان به‌ر پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت و كه‌رته‌ جیاوازه‌كان كه‌وتووه‌ به‌ جۆرێك، رێگەوبان بە 24 ملیار، پرۆژه‌كانی ئاو كه‌ ده‌ پڕۆژه زیانی به‌ركه‌وتووه‌ 900 ملیۆن، كه‌رتی ئاودێری 425 ملیۆن، كه‌رتی كشتوكاڵ یه‌ك ملیار و 245 ملیۆن دینار زیانەكانی خەمڵێنراوە. 

وتیشی: "هاوكات له‌گه‌ڵ زیانه‌كانی حكوومه‌ت، زیانی زۆریش به‌ر موڵك و باخ و پڕۆژه‌ی هاووڵاتیانیش كه‌وتووه‌ و ئه‌وانیش تۆماركراون و نووسراویان ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كار له‌سه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه و‌ چاككردنه‌وه‌ی زیانه‌كان بكات".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامی كه‌لار به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مساڵ به‌هۆی بارینی بارانی زۆر ‌و‌ دروستبوونی چه‌ندین لافاو له‌ سنووری كه‌لار و گه‌رمیان به‌ گشتی زیانی زۆری لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام زیانه‌كان ته‌نها ماددی بوون و هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه.

وتیشی: "زیانه‌كان هه‌موویان تۆماركراون كه‌ چه‌ندین ماڵ له‌ سنووره‌كه‌ تووشی زیانی ماددی بوون و هه‌روه‌ها زیانه‌كانی حكومه‌تیش تۆماركراون كه‌ دیارترینیان تێكچوونی پرده‌كانی سه‌ر رێگای كه‌لار - ده‌ربه‌ندیخانه ‌و هه‌روه‌ها جاده‌كه‌شی له‌ چه‌ندین شوێنه‌وه‌ لافاو و باران زیانی زۆری پێگه‌یاندوون به‌جۆرێك گرفتی هاتوچۆی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووه".

باسیشی له‌وه‌كرد: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه‌ هه‌وڵیانداوه‌ و به‌ به‌رده‌وامی لەكاتی پێویست تیمه‌كانی لایه‌نه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و هه‌روه‌ها خۆبه‌خشانی سنووره‌كه‌ش چه‌ندین به‌ربه‌ستیان دروستكرد و چاودێری ره‌وشه‌كه‌یان كردووه،‌ به‌هانای هاووڵاتیانه‌وه‌ رۆیشتوون، به‌ڵام زۆریی بارانبارینی ئه‌مساڵ و ئاو و لافاو زیانی خۆی هه‌بووه.

به‌شێك له‌ زیانه‌ گه‌وره‌كانی باران و لافاو له‌ شاری خانه‌قین بووه‌ و چه‌ند خانوویه‌ك رووخان و چه‌ندین ماڵیش ئاو چووه‌تە ناویانه‌وه‌، كە له‌زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك بەتایبه‌تی ناو بازاڕی شاره‌كه‌ش لافاو دروستبوو و ئاسته‌نگی هاتووچۆشی لێكه‌وته‌وه.

سه‌میر محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی خانه‌قین به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی بارانبارینی به‌خوڕ و لافاو له‌ ماوه‌ی وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵدا چه‌ند خانوویه‌ك له‌ شاری خانه‌قین رووخان كه‌ هۆكاره‌كه‌شی زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆنی خانووه‌كان كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كیان به‌ گڵ و دار دروستكرابوون و توانای به‌رگرییان نه‌مابوو به‌ تایبه‌تیش كه‌ بارانی ئه‌مساڵ زۆر به‌هێزه.

وتیشی: "له‌ ئه‌نجامی بارانه‌كه‌ ئاوی چه‌م و دۆڵ و ده‌ره‌وه‌ی خانه‌قین رووی له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كرد و بەهۆیه‌وه‌ چه‌ندین خێزان ئاو چووه‌ته‌ ماڵه‌كانیانه‌وه‌ و تووشی زیانی ماددی هاتوون و زۆرجار ئه‌و باران و لافاوه‌ بووەهۆی گرفتی هاتوچۆی هاووڵاتیان له‌نێو گه‌ڕه‌ك و بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زیانی گیانیان نه‌بووه‌، زیانه‌ مادییه‌كانیش زۆر گه‌وره‌ نه‌بوون، نزیكه‌ی 50 شوێن و موڵك و پڕۆژه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ ئه‌و بارانە زیانی زۆری داوه‌ له‌ڕێگەی به‌نداوی حه‌مرین له‌ نزیك سه‌عدییه‌وه‌ بووه‌هۆی داڕووخانی و داخستنی رێگەكه.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوه‌به‌ری رێگەوبانی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: باران و لافاو زیانی زۆری له‌ جاده لە شه‌قام و پرده‌كانی سنووری گه‌رمیان داوه‌ به شێوه‌یه‌ك چیتر ئه‌و رێگەوبانانه‌ به‌ كه‌ڵكی هاتووچۆ نه‌ماوه.

وتیشی: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نوسراویان بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و جۆر و شوێنی زیانه‌كانیان دیاریكردووه‌ و داواشیانكردووه‌ به‌زووترین كات چارسه‌ری گونجاو بدۆزنه‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكی ئه‌و زیانانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی رۆژانه‌ و هاتووچۆی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و نابێ دوابخرێن".

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا: زیانه‌كان له‌ ناویاندا زیانی پرده‌كان له‌ هه‌موویان گه‌وره‌تر و گرنگتره،‌ چونكه‌ مه‌ترسی داڕوخانیان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش ژیانی هاووڵاتیانی خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و پردانه‌ی سه‌ر رێگەی كه‌لار-ده‌ربه‌ندیخان نزیكه‌ی 70 ساڵه‌ دروستكراون.

بارانبارین له‌ سنووری گه‌رمیان له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵی وه‌رزی زستان جگه‌ له‌ هاووڵاتیان زۆرترین زیانی له‌ پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت داوه‌ لە رووی ئاودێری و كشتوكاڵ و رێگەوبان و هاتوچۆوه‌ و تاوه‌كو ئێستاش ئه‌و زیانانه‌ چاك نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووه.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure