له‌سنوری سلێمانی 500 هه‌زار ئۆتۆمبێل هه‌یه‌و "رێژه‌ی سه‌وزایی كه‌مه‌"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/04/2019‌ :: 217‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی رایدەگەیەنێت: رێژەی سەوزایی له‌ سلێمانی كەمە و ستاندارد نییە كە دەبێت 15% بێت، بەڵام سەرۆكی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز گەشبینە بەژینگەی شاری سلێمانی و كوردستان و ده‌ڵێت: "ژینگەی كوردستان پاكە".


ئەمڕۆ 16ی نیسانی 2019 رۆژی ژینگەیه‌ له‌ كوردستاندا كە ساڵانە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانەوە بەچالاكی جیاواز یادی دەكرێتەوە. 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی كە بەدواڕۆژ دراوە، لەسنوری پارێزگاكە نزیكەی 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە، بەڵام نازانرێت له‌ ناو شاری سلێمانیدا چەند هەزار ئۆتۆمبێلی تێدایە.

سوبحان حسێن، وتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوەی دەبینرێت ئێستا ئۆتۆمبێل زۆرە و كوالێتیان باش نییە، كارگە و پاڵاوگەی زۆر هەن و پابەندی رێنماییە ژینگەییەكان نین، هەروەها رێژەی سەوزایی كەمە و ستاندار نییە كە دەبێت 15% بێت.

بەبۆچوونی ناوبراو: گرفتی سەرەكی ژینگەی سلێمانی ئەوەیە تائێستا كارگەی ریساكلین تایبەت بەخۆڵ و خاشاك نییە، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك كارگەی دەبەی پلاستیكی هەیە كە دەیانهاڕن و رەوانەی دەرەوەیان دەكەن.

وتەبێژی ژینگەی سلێمانی پێیوایە: بەجێبەجێكردنی یاسا و هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و كەمكردنەوەی هاوردەی ئۆتۆمبێل دەتوانرێت دۆخی ژینگە باش بكرێت.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی كە بەدواڕۆژ دراوە، ئێستا لەناوشاری سلێمانیدا 564 باخچە و بلوار، 12 پارك، 3 ملیۆن دار هەیە.

بەپێچەوانەی قسەی وتەبێژی ژینگەی سلێمانی سەبارەت بە كەمیی رێژەی سەوزایی، كامەران حەمەساڵح، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت: "مانگی نیسانی ساڵی رابردوو تازەترین ئاماری چوار ساڵیان راگەیاندووە كە رێژەی سەوزایی ناوشاری سلێمانی 18.34% كە ئەوەش لەستانداردی جیهانی دەرچووه‌".

بەوتەی كامەران: ستانداردی جیهانی رێژەی 15% تا 25%یە، بەڵام كە ناوچەیەك لە 15% دەرچوو چەند دیاردەیەك دەبینرێت، بۆ نموونە كەمترین پلەی گەرما، زۆرترین رتوبە لەهاوین، زۆرترین بارانبارین لەسلێمانی بووە لە ساڵانی 2014 تا 2018.

بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی دەڵێت: "بۆ سەوزتركردنی شاری سلێمانی 257 باخچەیان ماوە كە سەوز بكرێت، ئەوەش ئەگەر قەیرانی دارایی نەبوایە سەوزیان دەكردن، بۆیە ئەگەر میلاكات و پێداویستی دیكەیان بۆ بكرێت دەتوانن ئەو باخچانەش كاریان تێدا بكرێت".

بەڵام ئارارات زەردەشتی، سەرۆكی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز گەشبینە بەژینگەی شاری سلێمانی و بۆ دواڕۆژ وتی: "ژینگەی سلێمانی لەڕووی سەوزایی و رادەی شێ باشە، بەڵام نەپاراستنی ئاو و دوكەڵی ئۆتۆمبێل دەبێت حسابی بۆ بكرێت، جگە لەوەش نیگەرانن لەچەم و ئاوەكان كە بەشێوەیەكی پاك راناگیرێن".

زەردەشتی هەروەها دڵخۆشە بەژینگەی كوردستانیش و وتی :"ژینگەی كوردستان بەگشتی جوانە، خاكێكی جوانمان هەیە و كارگەی گەورەمان نییە تا هەرێمی كوردستان پیس بكەن، بەڵام هەندێك كارگەو پاڵاوگەی نەوت كە لەسەر ئاو و زەوییەكانن زیانیان هەیە، بۆیە تائێستا ژینگەی كوردستان مەترسی لەسەر نییە و پاكە".

پەرلەمانی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە چەندین ماددە و بڕگەی بۆ پاراستنی ژینگە داناوە و سزاكانیشی دیاریكردووە.

لە سزاكاندا هاتووە: لەگەڵ سەرپێچی نەكردنی هیچ سزایەكی توند كە لەدەقی یاساكانی دیكەدا هاتبێت، سەرپێچیكەری حوكمەكانی ئەم یاسایە و سیستم و رێنماییەكانی كە بەپێی ئەوەوە دەركراون، بە بەندكردن سزا دەدرێن كە لەمانگێك كەمتر نەبێت یان غەرامەیەك لە 150 هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بەهەردوو سزاكان سزا دەدرێت. لەهەر جارێك سەرپێچییەكە دووبارە بكرێتەوە سزاكە دوو بەرامبەر دەكرێتەوە.

لەبەشێكی دیكەی یاساكەدا ئاماژە بەوەدراوە: وەزیر یان رێپێدراوەكەی لەوانەی كە فەرمانەكەی لەبەڕێوەبەری گشتی كەمتر نەبێت، بۆی هەیە غەرامەیەك دابسەپێنێت لە 100 هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 10 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure