نرخی به‌نزین لەپارێزگایەکی هەرێم به‌رزبوه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 16/04/2019‌ :: 5987‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی خواستی زۆره‌وه‌ نرخی یه‌ك لیتر به‌نزین لە هەولێر نزیكه‌ی 100 دینار به‌رز بوەته‌وه‌ و خاوه‌نی به‌نزینخانه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "حكومه‌ت نایه‌وێ نرخی به‌نزین هه‌رزان بێت".

 
گه‌یلان جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پشكنین و كوالیتی كۆنتڕۆڵی به‌نزین له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی وه‌رزی به‌هار و جوڵه‌ی زیاتری شۆفێران له‌ ئێستادا خواستی زۆر له‌سه‌ر به‌نزین هه‌یه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نرخی یه‌ك لیتر به‌نزین نزیكه‌ی 100 دینار به‌رزبێته‌وه‌. 

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌ وتیشی: "ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ فرۆشتنی به‌نزین دراوه‌ته‌ كه‌رتی تایبه‌ت و بازاڕی ئازاد، بۆیه‌ حكومه‌ت ناتوانێت نرخی به‌نزین جێگیر بكات یان دایبه‌زێنێت". 

تۆفیق عومه‌ر، خاوه‌نی به‌نزینخانه‌ له‌ هه‌ولێر بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد: به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین په‌یوه‌ندی به‌ زیادكردنی رێژه‌ی به‌نزین هه‌یه‌ بۆ به‌نزینخانه‌كان و فرۆشتنی به‌نزین به‌ نرخێكی هه‌رزان له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیا و پاڵاوگانه‌ی كه‌ به‌نزین دابینده‌كه‌ن. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌گه‌ر به‌نزینی زۆر بۆ به‌نزینخانه‌كان دابینبكرێت و نرخه‌كه‌شی هه‌رزان بێت ئه‌وكاته‌ به‌نزینخانه‌كانیش نرخ داده‌به‌زێنن، به‌ڵام حكومه‌ت له‌به‌ر كه‌می داهات نایه‌وێت ئه‌و كاره‌ بكات، چونكه‌ تائێستا قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ و حكومه‌تیش ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ داهات زیاد بكات.

به‌پێی ئه‌و نرخانه‌ی كه‌ له‌ به‌نزینخانه‌كانه‌وه‌ پیشاندراون، له‌ ئێستادا نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی نۆرماڵ كه‌ زۆربه‌ی شوفێران ئه‌م جۆره‌ به‌نزینه‌ به‌كارده‌هێنن لە هەولێر له‌ نێوان 610 بۆ 650 دیناره‌ له‌كاتێكدا پێش دوو هه‌فته‌ هه‌مان به‌نزین لیتری به‌ 510 تا 550 دینار بوو.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure