نوێترین زانیاری لەبارەی گڕگرتنی کەنیسە مێژووییەکەی پاریس

هەواڵ / جیهان :: 15/04/2019‌ :: 271‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی نیسانی 2019، کەنیسەی نۆتەردام لە پاریسی پایتەختی فرەنسا کە مێژووەکەی بۆ سەدەی 12ی زاینی دەگەڕێتەوە، گڕی گرت.

بەپێی وتەی لایەنە فەرمییەکانی پاریس، هۆکاری ئاگر کەتنەوەکە نادیارە، بەڵام پێدەچێت بەهۆی ئەو نۆژەنکردنەوەیە بێت کە چەند رۆژێکە لە کەنیسەکەدا دەستپێکراوە.

تیمی ئاگر کوژێنەوەکانی پاریسیش ئۆپراسیۆنێکی گەورەیان بۆ رزگارکردنی کەنیسەکە دەستپێکردووە کە تەمەنی شوێنە ئاینییەکە 850 ساڵە، بەڵام شوێنەکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و لە ئێستادا سەقفەکەی داڕماوە.

ساڵی رابردوو، دەسەڵاتدارانی فرەنسا پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی بینای کەنیسەکەیان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی خراپبوونی بەشێکی و ترسی رووخانی لێدەکرا.

ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فرەنساش، لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ شوێنی رووداوەکە بە میدیاکانی راگەیاند: وەکو هەموو هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە، دڵتەنگم بەوەی بەشێک لە ئێمە دەسوتێت.

هاوکات وتەبێژی کەنیسەکە ئاماژەی بەوەداوە: تەواوی بیناکە دەسوتێت و رەنگە هیچ بەشێکی نەمێنێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش، لە تویتێکدا هاوخەمی خۆی دەربڕی و دەڵێت: "نیگەرانم بە بینینی سوتانی کەنیسەی نۆتەردام، رەنگە بەردانەوەی ئاو بە فڕۆکە لە ئاسمانەوە یارمەتیدەربێت، پێویستە بەخێرای هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بدرێت".

کەنیسەی نۆتەردام بەیەکێک لە جوانترین نمونەکانی ئەندازیاری گوتییەکانی فرەنسا دادەنرێت و یەکێکە لە دیارترین ئەو سمبوڵانەی کە ئەو وڵاتەی پێدەناسرێتەوە و لە ساڵی 1200-وە بەپێوە وەستاوە و ڤیکتۆر هۆگۆ، رۆمان نووسی گەورەی فرەنسا، لەیەکێک لە بەناوبانگترین رۆمانەکانیدا (قەمبورەکەی نۆتەردام) ناوی هێناوە.

کەنیسەی نۆتەردام لە سەردەمی شۆڕشی فرەنسیشدا زیانی پێگەیشتبووە، هاوکات لە دوو جەنگی جیهانیش رزگاری بووە.

ئا: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure