به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شه‌هیدان: جارێ روون نییه‌ روفاته‌كانی سه‌ماوه‌ كوردن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 15/04/2019‌ :: 7220‌ جار بینراوە
به‌ختیار فه‌ره‌ج

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌ختیار فه‌ره‌ج به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانی وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ئاشكرایده‌كات: زیاتر له‌ 200 روفات له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌ی سه‌ماوه‌دا هه‌یه‌، ده‌شڵێت: "به‌منزیكانه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی 11 هه‌زار پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیداندا ده‌كرێت".

دواڕۆژ: روفاتى سه‌دان هاووڵاتى كورد له‌ژێر خاكدا دۆزرانه‌وه‌، چیتان كردووه‌ بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌یان و ژماره‌یان چه‌نده‌؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
ئه‌م روفاتانه‌ تازه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌ى سه‌ماوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چوینه‌ته‌ به‌غدا و سه‌ردانى ده‌زگاى شه‌هیدانمان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئەواندا سه‌ردانى شوێنه‌كه‌ ده‌كه‌ین، به‌پێى یاسایى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕى به‌كۆمه‌ڵیش، نابێت یه‌كسه‌ر  گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ڵبدرێتەوە، بڕیاره‌ (رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 18ى نیسان) سه‌ردانى ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ین، له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ هه‌ولێر كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ دانانى ئالیه‌تێك بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌، هاوكات نوسراوێك ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى تایبه‌تى بۆ ته‌رخانبكرێت.

دواڕۆژ: ئایا زانیاریتان هه‌یه‌ ژماره‌ى روفاته‌كان چه‌نده‌؟ به‌پێى پشكنینى DNA یه‌كلایى بووه‌ته‌وه‌ كه‌ كوردن؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
به‌پێى زانیارییه‌كانمان زیاتر له‌ 200 روفات له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌دا هه‌یه‌، روفاته‌كان ده‌رده‌هێنین و ئیسقان ده‌نێرین بۆ پشكنینى DNA. به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندیداین و ئێستاش هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هاتووین بۆ به‌غدا.

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ى تر روفاتی ئه‌نفالكراوان هەیە، به‌ڵام ساڵانه‌ ته‌نیا له‌كاتى یادى ئه‌نفالدا ئاشكراى ده‌كه‌ن، بۆچى؟ 
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
له‌ چه‌ندین شوێنى تر روفاتى ئه‌نفالكراو هه‌یه‌، به‌ڵام تا ده‌دۆزرێته‌وه‌ كاتى ده‌وێت، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق رێككه‌وتووین، له‌مه‌ودوا هه‌ر روفاتێك بدۆزرێته‌وه‌ ئاشكراى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ین، هەرچەندە دۆزینه‌وه‌ى روفاته‌كان زەحمەتە، چونكه‌ تائێستا شوێنه‌كان دیارینه‌كراون.

دواڕۆژ: بڕیاربوو 11 هه‌زار پارچه‌ زه‌وى به‌سه‌ر كه‌سوكارى شه‌هیداندا دابه‌شبكرێت، ئه‌م بڕیاره‌ به‌چى گه‌یشت و كه‌ى دابه‌شده‌كرێت؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی هەرێم و جێگره‌كه‌ى ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دابه‌شكردنى زه‌وییه‌كان داوه‌، نوسراوى ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ش له‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدانه‌، بەڵام شاره‌وانى تائێستا شوێنى دیارینه‌كردووه‌، سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین شوێنه‌كان ئیفراز بكرێن تا دابه‌شی بكه‌ین، ژماره‌ى پارچه‌ زه‌وییه‌كان 11 هه‌زاره‌ كه‌ 150 و 200 مه‌ترین، به‌منزیكانه‌ ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ى دابه‌شكردنه‌كه‌ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: مه‌رجه‌كانى پێدانى ئه‌و زه‌ویانه‌ چین؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
ناوى سه‌رجه‌م كه‌سوكارى ئه‌و شه‌هیدانه‌ لاى ئێمه‌ هه‌یه‌ كه‌ زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه‌، هیچ مه‌رجێكى بۆ دانه‌نراوه‌، شه‌هیدانى سه‌نگه‌ر به‌گشتى زه‌وییان پێده‌درێت.

دواڕۆژ: به‌پێى زانیارییه‌كان هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ هاوتاكردنى مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئایا راسته‌ هاوتا ده‌كرێت؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
راسته‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ماوه‌یه‌ك به‌رله‌ئێستا وه‌زیرى شه‌هیدان و جێگره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ستافێكى وه‌زاره‌ت سه‌ردانى ده‌زگای شه‌هیدانی عێراقیان كرد، گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام ده‌بێت یاساى شه‌هیدانى عێراق له‌گه‌ڵ یاساى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى هه‌رێم هه‌موار و هاوتا بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ى سه‌رجه‌م كه‌سوكارى شه‌هیدان بخرێته‌سه‌ر به‌غدا، به‌مپێیه‌ش مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌رێم به‌هه‌مانشێوه‌ی به‌غدا ده‌بێت و بڕه‌كه‌شى زیاد ده‌كرێت.

دواڕۆژ: چه‌ند ساڵه‌ به‌غدا نه‌ دان به‌ جینۆسایدى ئه‌نفالدا ده‌نێت، نه‌ قه‌ره‌بووی كه‌سوكاریان ده‌كاته‌وه‌، ئێستا كه‌ له‌وێن بۆچى باس له‌مه‌ ناكه‌ن؟
به‌ختیار فه‌ره‌ج:
كه‌ مووچه‌ى شه‌هیدانى هه‌رێم خرایه‌سه‌ر به‌غدا، راسته‌وخۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌ستپێده‌كات، قه‌ره‌بووه‌كه‌ش بریتی ده‌بێت له‌ پێدانى پارچه‌ زه‌وییه‌ك، هه‌روه‌ها پێدانى زیاتر له‌ 80 ملیۆن دینار، له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌، له‌ به‌روارى شه‌هیدبوونى كه‌سه‌كه‌وه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure