ده‌سپاكى هه‌رێم: ساڵى رابردوو به‌ به‌هاى زیاتر له‌ 275 ملیار دینار گه‌نده‌ڵى كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 15/04/2019‌ :: 311‌ جار بینراوە
كه‌یس هه‌یه‌ دوو ساڵه‌ كاتی دادگایی بۆ دیارینه‌كراوه‌

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌پێى راپۆرتى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم، ساڵى رابردوو به‌ به‌هاى زیاتر له‌ 275 ملیار و 720 ملیۆن دینار گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێم كراوه‌، به‌ڵام ته‌نیا پێنج ملیار و 381 ملیۆن دینار له‌و پاره‌یه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.


(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى نیسانى 2019) ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێمی كوردستان راپۆرتی ساڵی 2018ی بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و رێكخراوه‌كانى مه‌ده‌نى و راى گشتى خسته‌ڕوو.

كێشه‌كانى به‌رده‌م ده‌سته‌ى ده‌سپاكى
سه‌رخێل هاشم، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌رێم له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: چه‌ند كێشه‌یه‌كی یاسایی هه‌یه‌ رێگره‌ له‌ به‌رده‌م كاره‌كانى ده‌سته‌كه‌ بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی، كه‌ یه‌كێكیان كه‌می ژماره‌ی لێكۆڵه‌ره‌ به‌جۆرێك بۆ كۆى 800 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى كه‌رتى گشتى هه‌رێم، ته‌نیا 13 لێكۆڵه‌ریان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها زۆری (پارێزبه‌ندی)ه، یه‌كێكى دیكه‌ كه‌ رێگره‌ له‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، ئاسته‌نگی زۆری دروستكردوه‌ بۆ ده‌سته‌كه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: نه‌بوونی دادگایه‌كی تایبه‌ت به‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵی، بۆته‌ هۆی دواكه‌وتنی كه‌یسه‌كان له‌ دادگاكانى هه‌رێم، ده‌شڵێت: "كه‌یس هه‌یه‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ كاتی دادگایشی بۆ دیارینه‌كراوه‌ و ژماره‌یه‌ك كه‌یسیش ساڵی رابردووش به‌ر لێبوردنى گشتى كه‌وتوون".

ژماره‌ى ئه‌و كه‌یسانه‌ى ئاڕاسته‌ى دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كان كراون
به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێم، رایگه‌یاند: له‌ ساڵی 2018دا، 170 كه‌یسی گه‌نده‌ڵی ئاڕاسته‌ی دادگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی كه‌تن و تاوان کراوە، کە 33 كه‌یس_یان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌ و 117 كه‌یسى دیكه‌شیان له‌ دادگایه‌ و 30 كه‌یسی دیكه‌ش بۆ ده‌سته‌كه‌ى ده‌سپاكى گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌.

سه‌رخێل هاشم، وتیشى: "له‌ فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ دادوه‌ری ده‌ستگیركردن و ئاماده‌كردن 111 بڕیار دەرچووە، کە 140 بڕیاری ئاماده‌بوون دەرچووە كه‌ 82 جێبه‌جێكراوه‌ و 58 جێبه‌جێنه‌كراون، هەروەها 57 بڕیاری ده‌ستگیركردنی دەرچووە و 29یان جێبه‌جێكراون و 28 جێبه‌جێنه‌كراون".

به‌های گه‌نده‌ڵی لە هەرێم
له‌باره‌ى به‌هاى گه‌نده‌ڵى له‌ ساڵى رابردوو، سه‌رخێڵ هاشم وتى: "به‌های گه‌نده‌ڵی لە هەرێمی کوردستان زیاتر له‌ 275 ملیار و 720 ملیۆن دینار خه‌ملێنراوه‌، كه‌ زیاتر له‌ 17 ملیۆن دینار ده‌ستیبه‌سه‌رداگیراوه‌، به‌ڵام ته‌نیا پێنج ملیار و 381 ملیۆن دینار بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى گەڕێندراوەتەوە".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure