داوای وەستاندنی ھاوردەکردنی بەرھەمی شیرەمەنی دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 15/04/2019‌ :: 247‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد


سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی داوادەکات حکومەتی ھەرێم ڕێگری بکات لە ھاوردەکردنی بەرھەمی شیرەمەنی لەبەرئەوەی بەرھەمی ناوخۆ پێداویستی بازاڕ پڕدەکاتەوە.

 

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: نوێنەر و خاوەنی کارگەکانی شیرەمەنی لەشاری سلێمانی داوادەکەن ژووری بازرگانی پشتیوانییان بکات لە بەردەوامی کارکردنیان تا کارگەکانیان بەرەو داخستن نەڕوات.

 

ڕاشیگەیاند: ئێمە داواکارین حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەتەواوی ھاوردەکردنی بەرھەمی شیرەمەنی ڕابگرێت تا بەرھەمی کارگەکانی ناوخۆ بمێنێتەوە و بەرەو داخستن نەڕوات، وەك خۆشی وتی: "لە ئێستادا لەکۆی ٢٧٠٠ کارگە ٪‏٧٠ی داخراوە".

 

دەشڵێت: "ئێمە دەمانەوێت ئەو کارگانە بمێنێتەوە و ئەمانیش بەرەو داخستن نەڕوات، چونکە بە ھەزاران گەنج بێ کار دەبێت".

 

ئاماژەی بەوەشدا: دەمانەوێت کارگەکانی بەرھەمھێنانی شیرەمەنی بەرەو داخستن نەڕۆن و بەرھەمی شیرەمەنی لە عێراقدا باشترین بازاڕی ھەیە، ھەربۆیە وڵاتانی دراوسێ دەست لەم بازاڕە بەرنادەن.

 

خالید حاجی عەلی خاوەنی کارگەی شیرەمەنی ڕایگەیاند: کارگەکانمان بەشێکیان کاریان وەستاندووە و ھەندێکیشمان ھەر بەردەوامین، بەڵام گەر ھاوردەکردن ھەر بەردەوامبێت، ناچارین کارەکانمان ڕاگرین، بۆیە داوامان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کردووە کە بەدەم کێشەکانەوە بێن و پشتیوانی بەرھەمی ناوخۆیی بکەن.

 

لەئێستادا بەرھەمی ناوخۆیی شیرەمەنی لەکوردستاندا بەرەو زیادبوون دەڕوات و داوا دەکرێت ھاوردەکردن ڕاگرێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure