جموجۆڵى بازرگانى له مه‌رزێکی هەرێم راگیرا

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 694‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

به‌هۆى ناڕه‌زایى شۆفێرانى كورد له‌ دژى پاسدارانى ئێران، جموجۆڵى بازرگانى له‌ مه‌رزى په‌روێزخان راگیراوه‌ و به‌رپرسانى مه‌رزه‌كه‌ش ده‌ڵێن: "له‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى شۆفێراندان".


محه‌مه‌د نامیق، شۆفێر له‌ مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ به‌یانى ئه‌مڕۆوه‌ شۆفێرانى مه‌رزى په‌روێزخان مانیان گرتووه‌ له‌ ئیشكردن و ئاماده‌نین بڕۆنه‌ وڵاتى ئێرانه‌وه‌. 

وتیشى: "هۆكارى ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ نزیكه‌ى هه‌زار بارهه‌ڵگرى عێراقى و ئێرانى له‌و مه‌رزه‌ كارده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌لایه‌ن وڵاتى ئێرانه‌وه‌ ته‌نیا یه‌ك پاسدار دانراوه‌ بۆ پشكنین، بەهۆی ئەمەشەوە قه‌ره‌باڵغییه‌كى زۆر دروستده‌بێت و بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر دواده‌كه‌ون".

ئه‌و شۆفێره‌ باسیشى له‌وه‌كرد: پێویسته‌ به‌رپرسانى كورد له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێران گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌ى پاسدار زیادبكه‌ن و خێراتر كاروباره‌كان به‌ڕێبكرێن بۆ ئه‌وه‌ى شۆفێره‌كانیش بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ناو مه‌رزه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه‌. 

ئارام سایه‌خان، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: شۆفێرانى مه‌رزه‌كه‌یان له‌ به‌یانى ئه‌مڕۆوه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ به‌وه‌ى له‌ دیوى وڵاتى ئێران كێشه‌یان بۆ دروستده‌كرێت له‌ڕووى پشكنین و دواخستنیان و بێڕێزیكردن به‌رامبه‌ریان، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ كاركردنیان ڕاگرتووه‌.

وتیشى: "له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئێران له‌ گفتوگۆداین بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى شۆفێران چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بارودۆخه‌كه‌ ئاساییى بكه‌ینه‌وه‌ و هاتوچۆ ده‌ستپێبكاته‌وه‌". 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌شێكى زۆرى كێشه‌ى شۆفێران په‌یوه‌ندى به‌ قاچاخه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ركاتێك له‌ دیوى ئێران بارێكى قاچاخ  ده‌ستى به‌سه‌ردا بگیرێت، ئه‌وا پشكنین توند و تۆڵتر ده‌كه‌ن، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ شۆفێره‌كان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر دواده‌كه‌ون له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌. 

ئەوەشی وت: "ئه‌و قاچاخچێتییه‌ به‌ خواردن و كه‌لوپه‌له‌وه‌ بووه‌ته‌ گرفت بۆ ته‌واوى شۆفێران و پێویسته‌ به‌ هه‌موولایه‌ك ڕێگرى بكه‌ین له‌ بنه‌بڕكردنى ئه‌و حاڵه‌ته‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وڵاتى ئێرانیشه‌وه‌ شۆفێران ئازارنه‌درێن و تووشى كێشه‌ نه‌بنه‌وه‌". 

تاوه‌كو ئێستا ده‌یانجار شۆفێرانى مه‌رزى په‌روێزخان به‌هۆى سوكایه‌تى و بێڕێزى و رێگریكردن و دواخستنیان له‌ دیوى وڵاتى ئێران، له‌ ناو مه‌رزه‌كه‌ ناڕه‌زایی و مانگرتنیان ئه‌نجامداوه‌ و ئه‌م كێشه‌یه‌ش ناوبه‌ناو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure