بەرپرسێكی گۆڕان: رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی هەڵناوەشێنینەوە

هەواڵ / کوردستان :: 15/04/2019‌ :: 3324‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی گۆڕان رایدەگەیەنێت: بیر لەهەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ پارتی ناكەنەوە، بەڵام ئەگەر جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم زیادكرا داوای پۆستی دیكە دەكەن.

چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان (ئەمڕۆ 15ی نیسانی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەحاڵەتی زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرج نییە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم هەڵبوەشێننەوە، چونكە ئەوان بەشێک نین لەتێكدانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت مەرج فەرز بكەن و هەندێكیش قبوڵ بكەن.

ناوبراو روونیكردەوە: "ئەوەی یەكێتی دەیكات غەدرە لەگۆڕان، چونكە ئێمە پێش یەكێتی رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی كردوە و بەمەرجی یەك جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم بووە، بەڵام كە بووە دوو جێگر دەسەڵاتی یەكەم كەمدەبێتەوە، بۆیە لەم كاتەدا بیر لەهەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی ناكەینەوە".

سەبارەت بەوەی ئەگەر لەپەرلەمانی كوردستان جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیادكرا، ئەوكاتە چی دەكەن، موهەندیس وتی: "لەبەرامبەر ئەو زیادكردنەدا دەبێت لەگەڵ پارتی قسە بكەین"، دەربارەی ئەوەش داوای پۆستی دیكە دەكەن لەبەرامبەر زیادكردنی ئەو پۆستە؟ وتی :"بێگومان".

بەرپرسەكەی گۆڕان وتیشی :"لەسەرەتاوە بەنیازی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ برادەرانی حكومەت دانیشتووین و بەنیازی پلە و پۆست دانەنیشتووین، بەڵام كە رێككەوتن كراوە، ئەو رێككەوتنە لە ئەنجامی زیاتر لە 40 كاتژمێر دانیشتن بووە، بیر لەهەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی ناكەینەوە، بەڵكو لەبەردەوامیداین".

بەهۆی داواكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم لەلایەن یەكێتییەوە و رازیبوونی پارتی بەو داوایە و دژبوونی لەلایەن گۆڕانەوە، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم وەستاوە و پەرلەمانی كوردستانیش نەیتوانیوە كۆبوونەوە بكات بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە