گۆڕان مه‌رجی هه‌یه‌ بۆ زیادكردنی جێگر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم

هەواڵ / کوردستان :: 15/04/2019‌ :: 554‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


ماوه‌ی دوو ڕۆژە گفتوگۆكانی نێوان پارتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێوه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و نامه‌ گۆڕینه‌وه‌ له‌باره‌ی پرسی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستپێكردووه‌ و پارتی چاوه‌ڕێی وەڵامی یەكلاكەرەوە ده‌كات.


ئێستا بەهۆی ناكۆكی گۆڕان و یه‌كێتی پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم راگیراوه‌ و یه‌كێتی داوای زیادكردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات و گۆڕانیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان، پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ماوه‌ی دوو ڕۆژه‌ له‌ گفتوگۆكردنێكی به‌رده‌وامدان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی پرسی زیادكردنی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و پارتیش داوای له‌ گۆڕان كردووه‌ تاوه‌كو سبه‌ی سێشه‌ممه‌ وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وە له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ربگرن به‌ر له‌وه‌ی په‌رله‌مان واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو دیاریبكات.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نایه‌وێ كێشه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم قه‌یرانی نوێ دروستبكات، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر زیادكردنی جێگرێكی دیكه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم داواده‌كه‌ن یه‌كێتیی له‌ پۆستێكی خۆی سازشبكات و ئه‌و جێگره‌ی كه‌ داده‌نرێ بۆ كاروباری سه‌ربازی نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ كاروباری ئیداری و سیاسی بێت.

لای خۆیه‌وه‌ هێمن شێخانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا گۆڕان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ جێگرێكی دیكه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم زیادبكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕان نایه‌وێ پڕۆسه‌ی حكومڕانی و سیاسی په‌كیبكه‌وێت، بۆیه‌ پێویسته‌ رێگه‌چاره‌یه‌كی هاوبه‌ش بدۆزرێته‌وه‌."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: به‌پێی زانیارییه‌كانی ئه‌وان پارتی به‌ڵێنی جێگری سه‌رۆك هه‌رێمی به‌ یه‌كێتیی نه‌داوه‌، به‌ڵكو باسی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم كراوه‌.

وتیشی: "ناكرێ یه‌كێتیی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌بێت بۆ كاروباری پێشمه‌رگه ‌و سه‌ربازی له‌ولاشه‌وه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌بێت ."


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure