كاتی دابەشكردنی مووچەكانی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە دیاریكرا

هەواڵ / کوردستان :: 15/04/2019‌ :: 22145‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


ئه‌منیداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات به‌مه‌به‌ستی زانینی چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ده‌شڵێت: "ناردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ نییه‌".

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی نیسانی 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نوێنه‌رێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی كه‌ پێشتر عادل عه‌بدولمه‌هدی داویه‌تی بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگانه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

وتیشی: "سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، مووچەی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەی‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و ره‌زامه‌ندیشیداوه‌ كه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2019وه‌ خه‌رجبكرێت به‌ رێكار و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق دەدرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو بزانرێت مووچه‌كه‌ چی رۆژێك و چۆن خه‌رجده‌كرێت ئایا به‌ شێوه‌ی مانگانه‌ دێت، یاخود هه‌ر چوار مانگ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نێردرێت؟

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گه‌ر حكومه‌تی عێراقی ئه‌و پاره‌یه‌ بنێرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت؟ یاوه‌ر وتی: "بڕی ئه‌و هاوكارییانه‌ی ئه‌مریكا ده‌ینێرێت ته‌نها بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیشه‌، بۆیه‌ ناردنی پاره‌ له‌ به‌غداوە كه‌ مووچه‌ و مافی پێشمه‌رگه‌یه‌، هیچ په‌یوه‌ندی به‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ نییه".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە