نامەكانی فالح فەیاز بۆ ئەسەد چییان تێدابوە؟

هەواڵ / جیهان :: 15/04/2019‌ :: 378‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


(دوێنێ یەكشەممە 14ی نیسان) فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەسەردانێك گەیشتە لای بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا.

 

فەیاز بەوە ناسراوە كە پیاوێكی كەمدووە و ئەركە نهێنییەكانی لەسەر شانە و بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی (رەئی ئەلیەوم) لەچەند ساڵی رابردوودا فەیاز چەندین نامەی نهێنی لە ئەمریكاوە گەیاندۆتە بەشار ئەسەد.

 

لەدوای كۆبوونەوەیان، سەرۆكی سوریا رایگەیاند: بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەنێوان دیمەشق و سوریا كاری لەپێشینەی هەردوو وڵاتە.

 

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە: فەیاز لەبارەی وڵاتانی كەنداوەوە پەیامی بە ئەسەد گەیاندوە بێئەوەی هیچ زانیارییەكی تر لەبارەی ئەو پەیامەوە ئاشكرا بكرێت.

 

رۆژنامەكە ئەوەشی خستۆتەڕوو: كە فەیاز لەبارەی عەرەبستانی سعودیەوە لەگەڵ لایەنی سوری قسەی كردوە و باسی ئەو كرانەوەیەی كردوە كە ریاز لەبەرامبەر بەغدا دەستی داوەتێ.

 

بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان بەمنزیكانە گفتوگۆی نێوان سعودیە و سوریا بەنێوەنگیریی عێراق دەستپێدەكات كە ئەوەش بەندە بەشێوازی ئەو وەڵامانەی دراونەتەوە بە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

 

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكرا كردوە: گەر كۆبوونەوەكەی نێوان فەیاز و ئەسەد بەرهەمداربووبێت، رەنگە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوە رابگەیەنرێت كە دیمەشق و ریاز دەستیان بەگفتوگۆ كردوە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان.

ئا: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure