نوێترین زانیاری دەربارەی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران

هەواڵ / کوردستان :: 15/04/2019‌ :: 2416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


پەرلەمانتارێکی یەکێتی رایدەگەنێت: دوای بەدواداچونمان بۆ دەرماڵەی خوێندکارنی زانکۆ و پەیمانگەکان کە ماوەی چەند ساڵێکە راگیراوە، وەزیری خوێندنی باڵا پێی راگەیاندوین: "داوای بڕی زیاتر لە 6 ملیار دینارمان لە حکومەت کردوە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران".

راهی رەهبەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵایە لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "وەک لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەک فراکسیۆنی یەکێتی-یش، لە دوو هەفتەی رابردوودا کارمانکردووە لەسەر کێشەی خوێندکاران و مامۆستایان لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەتش پرسی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان".

وتیشی: "بەهۆی قەیرانی دارایییه‌وه‌ زیاتر لە 5 ساڵە دەرماڵەی خوێندنی خوێندکاران راگیراوە، لە هەوڵداین تا لەم خولەدا دەرماڵەی خوێندکاران لە رێنماییەوە ببێت بە یاسا و سەرجەم خوێندکاران بەیاسا دەرماڵەی مانگانە وەربگرن".

لەبارەی دواین زانیاری تایبەت بە دەرماڵەی خوێندکاران، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "دوای بەدواداچوون بە خۆشحاڵییەوە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوه‌ پێمان راگەیەنرا، وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا داواکاری و نوسراوی رەسمییان بەرزکردۆتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ تەرخانکردنی بڕی زیاتر لە (6) ملیار دیناری مانگانە بۆ دەرماڵەی مانگانەی 132 هەزار و 965 خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەکان".
 
لەبارەی ئەوەشی کە ئایا ئەو پارەیە بۆ دەرماڵەی ساڵانی رابردوو دەبێت یان ساڵانی داهاتوو؟  وتیشى: "تائێستا ئەنجومەنى وەزیران بڕیاری لەسەر خەرجکردنی پارەکە نەداوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران دەکات ئەگەر فەرمانی خەرجکردن دەرکرا ئەوا پارەکە بۆ ساڵانی داهاتوو دەبێت نەک هی 5 ساڵی رابردوو". 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە