گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی منداڵان بەناوی ژنێكەوەیە

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 92‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


خەڵاتی ئەدەبیی (Astrid Lindgren) كە گەورەترین خەڵاتی ئەدەبی منداڵان و نەوجەوانانە، بەخشرایە نووسەرێكی بەلجیكی بەناوی (بارت مۆیرت) لەپای ئەدەبی داهێنەرانەیدا لە بواری منداڵان و مێرمنداڵاندا.

 

لیژنەی دادوەریی خەڵاتەكە، دەڵێت:"بەرهەمەکانی بارت مۆیرت دەیسەلمێنێت کە ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان لە ئەدەبیاتی جیهاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە".


مۆریت، لەدایكبووی ساڵی 1964ە و یەكەم رۆمانی لە تەمەنی 19 ساڵیدا بڵاوكردووەتەوە و تازەترین رۆمانیشی ساڵی رابوردوو بڵاوكردووەتەوە بەناونیشانی (ئەو رۆژانەی هەموویان پڕ لە خەمن). هەروەها خاوەنی دەیان بەرهەمی دیكەی ئەدەبی و شانۆ و سیناریۆی تەلەفزیۆنییە و بەشێكی زۆری بەرهەمەكانی بۆ چەندین زمانی جیاجیا وەرگێڕدراون.

خەڵاتی (ئاسترید لیندگرین) بۆ ئەدەبی منداڵان، لەلایەن حكومەتی سویدییەوە و وەك رێزێك بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی ناوی خاتوو (ئاسترید ئاننا ئیمیلیا لیندگرین 1907-2002) لە ساڵی 2002ەوە دەبەخشرێتە ئەو نووسەرە ناودارانەی كە لەبواری ئەدەبی منداڵاندا داهێنانیان كردووە و هەر بەناوی ئەویشەوە ناونراوە. 

ئاسترید لیندگرین، یەكێك لە بەناوبانگترین ژنە نووسەرەكانی سویدە و نوێگەرییەكی ریشەیی لە ئەدەبی منداڵاندا كردووە و بەرهەمەكانی بۆ زیاتر لە نەوەد زمان وەرگێڕدراون. 
هەرچی خەڵاتەكەیشە، وێڕای بەها مەعنەوییەكەی، نرخەكەی 5 ملیۆن كرۆنی سویدی (نزیكەی 770 هەزار دۆلار)ە و ساڵانە لەیادی كۆچی دوایی ئەو ژنە نووسەرەدا، لەلایەن ئەنجومەنی هونەریی سوید-ەوە دەبەخشرێتە نووسەر یان هونەرمەندێك (یاخود زیاتر)ی داهێنەری بواری ئەدەبی منداڵان و نەوجەوانان. 

ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید
پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە