گۆڕانكاری لەشێوازی نووسینی دەرمانی نەخۆشدا دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2019‌ :: 621‌ جار بینراوە
بڕیارى سەندیكای پزیشكانى له‌سه‌ر ده‌رچووه‌

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەندیكای پزیشكان بڕیاریداوە نووسینی دەرمان لەلایەن پزیشكەوە بۆ نەخۆش بەشێوەی كۆمپیوتەر بنووسرێت، ماوەی سێ مانگیش وەكو ئەزموون بۆ ئەو مەبەستە دیاریكراوە.


تەها مەحوی، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای پزیشكانی كوردستان (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی بڕیاری سەندیكای پزیشكان لەمەودوا نووسینی دەرمان لەلایەن پزیشكەوە وەكو وڵاتانی دەرەوە بە كۆمپیوتەر دەنووسرێت، پێشتر دۆسیەی نەخۆشییەكە كە دەخرایە فایلێكەوە لای پزیشك هەڵدەگیرا، بەڵام لەمەودوا دەبێتە كۆمپیوتەر.

وتیشى: "مادام دۆسیەكان بە كۆمپیوتەر بێت، دەتوانرێت دەرمانەكانیش بە كۆمپیوتەر بنووسرێت، چونكە پێشتر هەندێکجار دەرمانسازەكان دەیانوت لە نووسینی پزیشك تێناگەن، بۆیە ئێستا بە كۆمپیوتەر باشترە".

بەوتەی مەحوی، لەلایەن سەندیكاوە ماوەی سێ مانگ بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە بەشێوەی ئەزموونی دیاریكراوە، بەڵام نازانێت ئەو ماوەیە لەكەیەوە تا كەی دەبێت، چونكە دەبێت پزیشكەكەش ئامادەكاری بۆ ئەو مەبەستە بكات.

سەبارەت بەوەی ئەو گۆڕانكارییە سەركەوتوو دەبێت، د. تەها روونیكردەوە: "نووسینی دەستوخەت بۆ دەرمان پێشتر دەقی پێوەگیرابوو شێوازێكی كلتوری بوو، بەڵام ئەم شێوازەی ئێستا تاڕادەیەك هەست دەكەم وەكو ئیشێكی مەكتەبی لێدێت".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure