ئامارێكى مه‌ترسیدار ده‌رباره‌ى هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2019‌ :: 519‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ساڵانە به‌هۆى پیسبوونى ژینگه‌ ٩٣٠ كەس تووشی (جەڵتە) و ١٤ كەسی دیكه‌ش تووشی نەخۆشیی (ڕەبۆ) دەبن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هاتووچۆى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "لەڕێگه‌ی ئەو بنكانەی بۆ پشكنینی توندوتۆڵیی دانراون، رێگرى ده‌كه‌ن له‌ هاورده‌كردنى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى كه‌ زیانیان بۆ ژینگه‌ هه‌یه‌".


دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم به‌ هاوكارى رێكخراوى یوئێن دى پى، (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ى نیسان) هه‌ڵمه‌تى هۆشیارى هەفتەی ژینگەیی به‌ناوى له‌پێناو هه‌ساره‌یه‌كى پاكدا، راگەیاند، كه‌ پێكدێت له‌چه‌ندین ۆرك شۆپ و سیمیناریى ژینگه‌یى له‌پێناو هۆشیارى ژینگه‌یه‌ى و زیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كانى هه‌رێم.

له‌و ۆرك شۆپه‌كه‌دا، خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگه‌یاند: به‌هۆى پیسبوونى ژینگه‌ى هه‌رێم، ڕێژەی توشبوونی بە نەخۆشیەكانی دڵ و رەبۆ و جەڵتە روو لە زیادبوونە.

وتیشی: "لە هەرێمى كوردستاندا، ساڵانە ٩٣٠ كەس تووشی (جەڵتە) و ١٤ كەسی دیكه‌ش تووشی نەخۆشیی (ڕەبۆ) دەبن".

هاوكات لیوا رزگار عەلی، بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێم ڕایگه‌یاند: راسته‌ ده‌رچوونى زۆرى دووکەڵی ئۆتۆمبێل هۆکارى پیسکردنی ژینگەیه‌، به‌ڵام ئێمە وەكو هاتووچۆ هەوڵەكانمان چڕكردۆته‌وه‌ بۆئەوەی ئۆتۆمبیلەكان نەبنە هۆكار بۆ پیسبوونی ژینگە، بۆ ئه‌مه‌ش لەڕێگه‌ى ئەو بنكانەی بۆ پشكنینی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێل دانراون، رێگه‌ ده‌گرین له‌و جۆرانه‌ى ئۆتۆمبێل كه‌ ژینگه‌ى هه‌رێم پیسده‌كه‌ن.

له‌باره‌ى وه‌رگرتنى باج و روسوماتى ژینگه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ئه‌وانه‌ى تووشى شێرپه‌نجه‌ ده‌بن، لیوا ڕزگار وتى: "له‌و باج و ڕسوماته‌ ژینگه‌ییانه‌ى كه‌ له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێت، دوو ملیارد دینار بۆ توشبوانی شێرپەنجە دەخرێتە سەر حیسابی بانكی وەزارەتی تەندروستی".

پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە