وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و كونسڵخانه‌ی ئێران رێككه‌وتنێكیان واژۆكرد

هەواڵ / ئابوری :: 14/04/2019‌ :: 295‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ كونسڵخانه‌ی ئێران  واژۆكرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌كانی پۆسته‌ ڤیزه‌ی وڵاتی ئێران بۆ هاوڵاتیان وه‌ربگرن و كارئاسانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی و گه‌شتیاری سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن .


ته‌ها مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 14ى نیسان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كونسڵخانه‌ی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران رێككه‌وتنێكیان واژوكرد، به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڤیزه‌ له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌كانی پۆسته‌ كه‌ هاوڵاتیان پێشتر له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت به‌ بڕی 8 هه‌زار دینار ڤیزه‌یان وه‌رده‌گرت.

وتیشی: "له‌مه‌ودوا له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌كانی پۆسته‌وگه‌یاندن ته‌نها به‌ دوو هه‌زار دینار ڤیزه‌كانیان بۆ ده‌به‌ینه‌ ناو ماڵه‌كانیان كه‌ بڕی ئه‌و  پاره‌یه‌ش نرخی پول و گواستنه‌وه‌یه‌.

 به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌یان و له‌سه‌ر داوای كونسڵخانه‌ی ئێران ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌ردانی وڵاتی ئێران ده‌كه‌ن، له‌ رێگه‌ی كونسڵخانه‌ به‌ گوێره‌ی جۆری نه‌خۆشیه‌كان پزیشكی پسپۆڕیان بۆ دیاری ده‌كرێت و كارتی تایبه‌تیان پێده‌درێت، بۆئه‌وه‌ی له‌ وڵاتی ئێران له‌لایه‌ن وه‌رگێڕه‌كان پاره‌ی زیادیان لێوه‌رنه‌گیرێت.

ته‌ها مسته‌فا ئه‌وه‌شی گوت: "له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌مان هاتووه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی به‌ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری سه‌ردانی وڵاتی ئێران ده‌كه‌ن له‌ رێگه‌ی نوسینگه‌كانی گه‌شتیاری هه‌ماهه‌نگی و كارئاسانیان بۆ ده‌كرێت".

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە