هەڵەبجەییەكان داوای ڕوفاتی 1600 ئەنفالكراویان دەكەنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2019‌ :: 282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات: هەڵەبجە خاوەنی زیاتر لە 5 هەزار شەهیدی كیمیابارانە، دوای ماوەیەكیش لەو تاوانە، لەسەر داوای ڕژێمی بەعس بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەڵەبجە گەڕانەوە شارەكەیان، بەڵام سەرجەمیان ئەنفالكران و ئێستاش گۆرەكانیان لە نوگرە سەلمانە.


كامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفاكراوانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ كە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 31 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالكردنی بە هەزاران هاووڵاتی لە ناوچەی گەرمیان و دەوروبەری، بە هەمان شێوەش هەر لەو كاتەدا لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك بەسەر تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ڕژێمی لەناوچووی بەعس داوای لە هاووڵاتیان كرد لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە هەڵەبجە ژیانیان پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەمە فریودانی هاووڵاتیان بوو.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە دوای گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی هەڵەبجە لە ئێرانەوە بۆ هەڵەبجە، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیاتر لە هەزار و 600 هاووڵاتی دەستگیركران و بەرەو نوگرە سەلمان بران و سەرجەمیان ئەنفالكران، ئێستاش گۆڕی بەشێكی زۆریان  هەر لە نوگرە سەلمانە، بەڵام ئەم بابەتە بەكەمی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن باسكراوە زیاتر باس لە كیمیابارانی هەڵەبجە دەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشكرد: لەم یادەدا جارێكی دیكە داوا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی دەكەین ڕوفاتی ئەو ئەنفالكراوانەی هەڵەبجەمان بۆ بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لێرە لە گۆڕستانێكی تایبەت بە ئەنفالكراوانی هەڵەبجە جارێكی دیكە بە خاكیان بسپێرینەوە و مۆنۆمێنتێكی تایبەت بە ئەنفالی هەڵەبجەییەكانیش بكەینەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure