هه‌ولێر: 25 ژن به‌تۆمه‌تی ئەندامبوون لەداعش بەندن

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 122‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


زیاتر له‌ 25 ژن به‌تۆمه‌تی داعش بوون له‌ زیندانی چاكسازی و نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر ده‌ستگیركراون كە به‌شێكیان حوكمیان بۆ ده‌رچووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاكسازی و نه‌وجه‌وانانی هه‌ولێر: 25 ئافرەت كە بە تاوانی تیرۆر و ئه‌ندامبوون له‌ رێكخراوی داعش تۆمه‌تبارن له‌ زیندانی چاكسازی هه‌ولێر ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و به‌شێك له‌و ژنه‌ش له‌لایه‌ن دادگاوه‌ حوكمیان بۆ ده‌رچووه‌.

له‌ كۆی ئه‌و 25 ژنه‌ش زۆربه‌یان به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب و بیانین و دوو له‌و ژنانه‌ش كوردن و پێشتر دانیشتووی هه‌رێمی كوردستان بوون و دوای هاتنی داعش له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانیان چوونه‌ته‌ نێو ئه‌و ڕێكخراوه‌.

دیندار  زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، به‌ دواڕۆژی راگەیاند: دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵی 2018 یاسای تیرۆی درێژكرده‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە، كاری پێده‌كرێت، به‌ڵام له‌ پێشووتردا  لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو ده‌كرا".

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: هەر کاتێک دەستگیرکراوان تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە داعش یان هاوكاریكردنی داعشیان بەسەردا ساغبوەوە، بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگادار دەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان.

وتیشی: "تۆمه‌تباران هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێبكات".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure