دواین زانیاری له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتی و گۆڕان

هەواڵ / کوردستان :: 14/04/2019‌ :: 1860‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

پارتى دیموكراتى كوردستان چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كات له‌باره‌ى پرسى جێگرى دووه‌م بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم و تاوه‌كو ئه‌نجامدانى دانیشتنى په‌رله‌مانیش له‌م هه‌فته‌یه‌دا، هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فه‌رمى له‌باره‌ى پرسى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه‌ ئه‌نجامنادرێت.


ئێستا بەهۆی ناكۆكی گۆڕان و یه‌كێتی پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم راگیراوه‌ و یه‌كێتی داوای زیادكردنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات و گۆڕانیش ره‌تی ده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌كۆبوونه‌وه‌ى نێوان لایه‌نه‌كان، پارتی داواى له‌ گۆڕان کردووە هاوكاریانبن له‌ تێپه‌راندنى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و هیچ ته‌گه‌ره‌یه‌ك درستنه‌كه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پارتى به‌ گۆڕانى راگه‌یاندووه‌ كه‌ پابه‌ندن به‌ ناوه‌ڕۆكى رێككه‌وتنى نێوانیان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر جێگرى دووه‌م بده‌ن، ئه‌گه‌ر نا پارتى ناچار ده‌بێت ئه‌و مادده‌یه‌ تێبپه‌ڕنێت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ كه‌ شاندی پارتى سه‌ردانى سلێمانى بكات به‌مه‌به‌ستى گفتووگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌و لەئێستادا چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى گۆڕان ده‌كات تاوه‌كو به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان قسه‌ى كۆتایى بكه‌ن.

به‌پێى وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، یه‌كێك له‌ وه‌ڵامه‌كانى پارتى بۆ گۆڕان ئه‌وه‌بووه‌: كه‌ پارتى هیچ پۆستێكى گۆڕانى به‌ یه‌كێتی نه‌به‌خشیوه‌ تا پێچه‌وانه‌ى رێككه‌وتنى نێوانیان بێت، هه‌ربۆیه‌ش پارتى ئازاده‌ له‌وه‌ى جێگر زیاد ده‌كات، یاخود نا.

له‌به‌رئه‌وه‌ى پێشنیازى یه‌كێتی بۆ زیادكردنى جێگرێكى دیكه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان جێگیركراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ لایه‌نه‌ نه‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن، ئه‌گه‌رێكى به‌هێزه‌ به‌بێ رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌، به‌ده‌نگى زۆرینه‌ى فراكسیۆنى یه‌كێتی و پارتى جێگرێكى دیكه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم زیادبكرێت و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت دواى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له‌م هه‌فته‌یه‌دا په‌رله‌مان ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بدات.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure