دیارده‌یه‌كی ترسناك له‌ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: 14/04/2019‌ :: 1029‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارێكی عێراق، دیارده‌یه‌كی ترسناك له‌ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆی فیدراڵی ئاشكرا ده‌كات، داوا له‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات كۆتایی پێبهێنێت.

حسێن عیقابی په‌رله‌مانتاری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (14ی نیسانی 2019) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقدا، دیارده‌یه‌كی ترسناك و پڕ له‌ د‌ڵه‌ڕاوكێ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كه‌ ناكرێت چاوپۆشی لێبكرێت، ئه‌ویش دیارده‌ی گێچه‌ڵگێڕانی سه‌ركرده‌ ئه‌منییه‌كانه‌ له‌ناو وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ به‌رپرسانی خوار خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یان پێبده‌ن، سه‌پاندنی داواكاری و وه‌رگرتنی پارەیە له‌ به‌رپرسانی یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان ‌كه‌ لەخوار خۆیانه‌وه‌ن، ئه‌وه‌ش ئاشكرا و روونە و‌ پێویست به‌ به‌ڵگه‌ ناكات بۆ سه‌لماندنی و هه‌موو عێراقییه‌ك ده‌یزانێـت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق روونیشی ده‌كاته‌وه‌: زۆرێك له‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌رتیل ده‌ده‌نه‌ سه‌ركرده‌كانیان، له‌به‌رامبه‌ر مانه‌وه‌یان له‌ پۆست و پێگه‌ی خۆیاندا، ئه‌وانیش له‌ شوێنی خۆیان بەرتیل له‌ هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی خۆیان وه‌رده‌گرن.

ده‌شڵێت: "بێده‌نگبوون له‌م ئابڕووچوونه‌ گه‌وره‌یه‌ كارێكی ترسناكه‌، چونكه‌ شێوه‌یه‌كی زۆری گه‌نده‌ڵی ئاشكرایه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵات ده‌كات، ناوبانگ و شكۆی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌كه‌دار ده‌كات، كه‌ ئێستا نه‌هه‌نگه‌كانی گه‌نده‌ڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان كردۆته‌ ده‌ره‌به‌گایه‌تی گه‌وره‌ و پاره‌ی حه‌رامی له‌سه‌ر ده‌خورێت".

عیقابی داوا له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات چاره‌سه‌ری ئه‌و دیارده‌ ترسناكه‌ بكات و پۆسته‌ ئه‌منییه‌كان بداته‌ كه‌سانی نیشتمانی و لێهاتووی دڵسۆز و ناسراو به‌ ده‌ستپاكی و ناوبانگ باشه‌كان كه‌ له‌و وه‌زاره‌ته‌دا زۆرن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure