یەکەم وتەی سعودیە لەبارەی دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی سەربازی سودانەوە

هەواڵ / جیهان :: 15/04/2019‌ :: 183‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

دەسەڵاتدارانی سعودیە، پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری سودان دەربڕی و داواش لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە دەکات "بەرژەوەندییەکانی سودان بخەنە سەروی هەموو شتێکەوە".


پێشتر عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەری سودان رایگەیاندبوو: ئەنجومەنێکی سەربازی بۆ نوێنەرایەتیکردنی سەروەرییەکانی وڵات و حکومەتێکی مەدەنی کە رای هەمووانی لەسەر بێت لە دوو ساڵی داهاتوودا دروستدەکەن.
 
لەیەکەم وتەی رەسمی سعودیەشدا دوای دورخستنەوەی عومەر بەشیر کە ماوەی 30 ساڵ سەرۆکی سودان بوو، ئاژانسی واس بڵاویکردەوە: "سعودیە پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر رادەگەیەنێت و پشتیوانی گەلی سودان دەکات".

ئاماژە بەوەش دەکات: سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعودیە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کۆمەڵێک یارمەتی مرۆیی رەوانەی سودان بکرێت.

دوێنێ شەممە، هەشت ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی راگوزەر سوێندی دەستوریان لەبەردەم سەرۆکی ئەنجومەنەکە و سەرۆکی دەستەی دادوەریدا خوارد، ئەوەش لە کاتێکدایە هەمان رۆژ عەبدولفەتاح بورهان وەکو شوێنگرەوەی عەوز بن عەوف دیاریکرابوو.

هەفتەی رابردوو، سوپای سودان دەستگیرکردنی عومەر بەشیر و دورخستنەوەی لە کورسی سەرۆکایەتی وڵات راگەیاند،  ئەوەش لە ژێر کاریگەری خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا بوو کە لە رۆژی 19ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردوە.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure