(63%)ی زبڵ و خاشاكی فڕێدراوی رۆژانەی قەزایەکی هەرێم خۆراكە

هەواڵ / ئابوری :: 15/04/2019‌ :: 739‌ جار بینراوە

دواڕۆ، رێبین حەسەن


لەسنووری قەزای پێنجوێن و دەوروبەری، لەئەنجامی شیكردنەوەیەك كە بۆ ئەو ماددە و كەرەستە فڕێدراوانە كراوە كە رۆژانە لەلایەن ئۆتۆمبێلەكانی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك كۆدەكرێنەوە، دەركەوتووە کە لە (63%)ی خۆراك بووە، لەمانگێكیشدا زیاتر لە (770) تۆن پاشماوەی فڕێدراو كۆكراونەتەوە.


ئەمیر سۆفی، لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: رۆژانە لەسنووری قەزای پێنجوێن و تیمەكانی كۆمپانیای گارێكس ئەركی كۆكردنەوەی پاشماوە خۆراكی و خاشاكەكانی تر دەگرنە ئەستۆ و ئەوەش بەئامانجی پاكڕاگرتنی ناوچەكەمانە.

وتیشی: "لەئەنجامی شیكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە كە دوو فەرمانبەری ئێمە لەوێن و سەرپەرشتی كارەكانی رۆژانەیان دەكەن، دەركەوتووە لە (63%)ی ئەو پاشماوانەی لەلایەن هاووڵاتیان و دانیشتوانی قەزاكەمانەوە فرێدراون ماده‌ى خۆراكین، هەروەها لە (4.18%) كاغه‌ز و مقەبا، لە (2.82%) ماددەی پلاستیكی و لە(1.66%) كانزاكانن".

روونیشیكردەوە: "هاوكات هەر بەپێی ئەو شیكارییە لە (4.73%) شوشە و لە(14.22%) ماددە نایلۆن و لە (3.33%) قوماش و لە (2.63%) تەختە و لە (3.42%) كەرەستەی دیکەن ".

لێپرسراوی راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن ئاماژەی بەوەشكرد: "كۆی گشتی ئەو خۆڵ و خاشاك و خۆراكانەی كە بۆ یەك رۆژ لەقەزای پێنجوێن و دەوروبەری كۆكراوەتەوە بریتی بووە لە (29) تۆن و 673 كیلۆگرام و كۆی گشتی زبڵ و خاشاكیش لەمانگێكدا لەسنوورەكەمان كە كۆدەكرێتەوە بریتیە لە (771) تۆن و 498 كیلۆگرام".

 

پ: س.م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure