"چاره‌سه‌ری كێشه‌ی رێگەوبانه‌كانی هەرێم پێویستی به‌ دوو تریلیۆن دینار هه‌یه‌"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 356‌ جار بینراوە
سدقی ئامێدی

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن بۆ كاروباری رێگەوبان له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژدا رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌كۆی 95 پڕۆژه‌ كه‌ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ وه‌ستێنرابوون، كاركردن له‌ 25 پڕۆژه‌ ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌، ده‌شڵێت: "گه‌ر بمانه‌وێت كێشه‌ی رێگەوبان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چاره‌سه‌ر بێت، پێویستمان به‌ بڕی دوو تریلیۆن دینار هه‌یه‌.

  
دواڕۆژ: به‌هۆی لافاوه‌كانی ئه‌مساڵ چه‌ند پردی گه‌وره‌ و بچوك تێكچوون؟

سدقی ئامێدی: بارانی ئه‌مساڵ جیاواز بوو، له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان ئاو به‌رزبووه‌وه‌، هه‌رچه‌ندە ساڵانە پرده‌كان نۆژه‌نده‌كرێنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی زۆری لافاوه‌وه‌ له‌ سنووری هه‌ولێر 19 پرد تێكچوون و له‌ سلێمانیش 4 پرد، به‌ڵام له‌ پارێزگای دهۆك رێژه‌كه‌ كه‌متربوو.

دواڕۆژ: كۆی گشتی ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ به‌هۆی لافاوه‌وه‌ به‌ رێگەوبان و پرده‌كان گه‌یشتووه‌ چه‌نده‌؟ 
سدقی ئامێدی: به‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ زیاتر له‌ 90 ملیار دینار زیان به‌ رێگەوبانه‌كان و پرده‌كان گه‌یشتووه‌ و له‌ ئێستاشدا ده‌ستكراوه‌ به‌ چاكکردنه‌وه‌ی پرده‌كان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێگایانه‌ی به‌هۆی لافاوه‌وه‌ تێكچوون.

دواڕۆژ: به‌پێی وێنه‌ و راپۆرته‌كان كه‌ له‌سه‌ر رێگەوبانه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، له‌ ئێستادا زۆربه‌ی رێگە سه‌ره‌كییه‌كان خراپ بون و تێكچوون، كۆی گشتی بودجه‌ی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی رێگەوبان له‌ هه‌رێم چه‌نده‌؟ 

سدقی ئامێدی: وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات رێگەكان باشبن و به‌رده‌وامیش پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێگەمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ناتوانرێت به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م هه‌موو رێگەكان دروست بكرێن و كێشه‌ی رێگەوبان چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی بودجه‌ی پێویست ده‌دات بۆ رێگەوبان، به‌گشتیش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كێشه‌ی رێگەوبان چاره‌سه‌ر بكرێن پێویستمان به‌ دوو تریلیۆن دینار هه‌یه‌. 

دواڕۆژ: پڕۆژه‌ی دروستكردنی دوو سایدی كۆیه - هه‌ولێر‌ و رێگەی به‌رده‌ڕه‌ش-گۆپاڵ و ئه‌و رێگایانه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه‌ به‌ كوێ گه‌یشت؟ 

سدقی ئامێدی: ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ هیچ رێگەیه‌كی تازه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان دروست نه‌كراوه‌، هۆكاره‌كه‌ش قه‌یرانی دارایی بووه‌ و حكومه‌تیش هیچ توانایه‌کی نه‌بووه‌ پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانی رێگەوبان جێبه‌جێبكات، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ پڕۆژه‌ی رێگەی به‌رده‌ره‌ش- گۆپاڵ ده‌ستی پێكردوه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامه‌ كه‌ بڕی 70 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانكراوه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ رێگەی كۆیه‌ پڕۆژه‌ی فراوانكردنی رێگەكه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ كه‌ ئه‌ویش بڕی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانكراوه‌ و به‌ ماوه‌ی دوو ساڵ ته‌واو ده‌كرێن، هاوكات چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تر له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه‌ كه‌ به‌پێی باشتر بوونی باری دارایی هه‌رێم ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنیان ده‌كرێت.

دواڕۆژ: جگه‌ له‌ رێگە سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان پارێزگاكان چه‌ند رێگەیه‌كی تر هه‌ن كه‌ ده‌چنه‌وه‌ گوند و قه‌زا و ناحییه‌ دووره‌كان كه‌ به‌رده‌وام شۆفێران گله‌ییان له‌ خراپی ئه‌و رێگایانه‌ هه‌یه‌، پڕۆژه‌تان بۆ ئه‌م رێگایانه‌ چییه‌؟ چونكه‌ زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ سیستمی هاتوچۆی ئێستادا ناگونجێن و رووداوی هاتووچۆشی لێڕووده‌دات. 
سدقی ئامێدی: راسته‌ رێگەكان له‌ سه‌رده‌مێكدا دروستكراون كه‌ وه‌ك ئێستا ئۆتۆمبێل زۆر نه‌بووه‌ و خه‌ڵكیش زۆر هاتوچۆی ئه‌و رێگایانه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا جگه‌ له‌وه‌ی ژماره‌ی ئۆتۆمبێل زۆر بووه‌ و خه‌ڵكیش زۆر هاتوچۆی ناوچه‌ دووره‌كان ده‌كات، ساڵی رابردوو بۆ باشتركردنی ئه‌و رێگایانه‌ و فراوانكردنی پرده‌ بچووكه‌كان پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌ كرد بۆ دروستكردنی رێگەی هاتوچۆی خێرا كه‌ ئه‌و رێگایانه‌ی باسیان ده‌كه‌ی ده‌بنه‌ هۆكارێكی باش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر رێگە سه‌ره‌كییه‌كان و پڕۆژه‌كه‌ش ده‌درێته‌ كۆمپانیای ئه‌هلی و ساڵانه‌ بڕێك پاره‌ له‌و شۆفێرانه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ به‌م رێگە خێرایه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن و بارهه‌ڵگره‌كانیش سودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن له‌و رێگە خێرایانه‌؟ 

دواڕۆژ: له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی دارایی تاوه‌كو ئێستا چه‌ند پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێگەوبان وه‌ستێنران و ئێستا چه‌ند له‌و پڕۆژانه‌ ده‌ستیانپێكردۆته‌وه‌؟

سدقی ئامێدی: به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ 95 پڕۆژه‌ی دروستكردنی رێگەوبانه‌كان وه‌ستێنران كه‌ پێیوستیان به‌ بڕی (یه‌ك ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هه‌بووە و له‌ ساڵی پاریشەوە تائێستا 25 پڕۆژه‌ ده‌ستیانپێكردۆته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان پڕۆژه‌ی بچووكن و پێنج پڕۆژه‌شیان نیمچه‌ گه‌وره‌ن.
 
دواڕۆژ: ته‌واوكردنی تونێلی هه‌ولێر - پیرمام و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تونێلی ده‌ربه‌ندیخان به‌ كوێ گه‌یشت؟ 

سدقی ئامێدی: تونێلی هه‌ولێر-پیرمام له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌ و بڕیاربوو پێش مانگێك بكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی لافاو و ئاوی زۆره‌وه‌ كێشه‌ له‌ هه‌ندێ شوێنی رێگەی نزیك تونێله‌ كه‌ دروستبوو، بۆیه‌ ئه‌مه‌ وایكرد كردنه‌وه‌ی تونێله‌كه‌ دوابكه‌وێت، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخانیش كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه‌.

پ:س.م 
  بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure