یه‌كه‌ى 70 و 80ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نامێنن

هەواڵ / کوردستان :: 13/04/2019‌ :: 13172‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌ر 35 خاڵه‌كه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێده‌كرێن و له‌داهاتوودا شتێك نامێت به‌ ناوى یه‌كه‌ى 70و 80، ده‌ڵێت: "هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام ده‌بن له‌جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌".


ساڵێك زیاتره‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ هاوكارى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، بریتانیاو ئه‌ڵمانیا ده‌ستی به‌جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌یه‌كى 35 خاڵى بۆ چاكسازى له‌ وه‌زاره‌ت و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ كردووه‌و تائێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تایبه‌ت به‌ چاكسازى و چه‌ند خاڵێكى پڕۆژه‌كه‌ جێیه‌جێكراون.

له‌باره‌ى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى پلانه‌كه‌، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری وەزارەتی پێشمەرگە به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لە پڕۆژەی چاكسازیدا پێنج خاڵ جێبەجێكراون و نزیكه‌ى 12 خاڵی دیكەش لە جێبەجێكردندان كه‌ خاڵه‌كان خۆى له‌ رێكخستنه‌وه‌ى مووچه‌و به‌سیستمكردنى راهێنانى پێشمه‌رگه‌ ده‌بینێته‌وه‌.

وتیشی: "ئەو خاڵانەی لە پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێبەجێكراون، ھەموو بوارەكانی وەزارەت دەگرێته‌وه‌ له‌وانه‌ رێكخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تى هه‌ردوو هێزى یه‌كه‌ى 70 و 80 ده‌كرێنه‌ هێزێكى نیزامیى وه‌كو هێزێكى ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ت نامێننه‌وه‌، به‌ڵكو وه‌كو هێزێكى نیشتمانى به‌هێز رێكده‌خرێنه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ پرۆژه‌ی چاكسازییه‌كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ یاساى پێشمه‌رگه‌و خانه‌نشینكردن و مافه‌كانى دیكه‌یان".

هاوكات لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال، جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئه‌ركان بۆ ئۆپراسیۆنه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌شێك له‌ پڕۆژه‌ 35 خاڵییه‌كه‌، سێ تاوه‌كو چوار ساڵى پێویسته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو گرنگتره‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌و پاڵپشتییه‌كانیان زۆر جددین.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure