د.ئاراس خۆشناو: سەرجەم مووچەكانی ئەمساڵ دابەشدەكرێن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/04/2019‌ :: 24533‌ جار بینراوە
دكتۆر ئاراس قادر خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار


لە دیمانەیەكدا لەگەڵ دواڕۆژ، دكتۆر ئاراس قادر خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان باس لە باشبوونی دۆخی ئابووری هەرێم دەكات و رادەگەیەنێت: ئێستا بارودۆخی ئابووری هەرێم زۆرباشە و لە 2019دا حكومەتی هەرێم سەرجەم مووچەكانی ئەمساڵ دابەشدەكات و پێشبیندەكات دوو مووچەی پاشەكەوتكراویش بدرێتە فەرمانبەران.


دواڕۆژ: دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و لابردنی پاشەكەوتی مووچە، بارودۆخی ئابووری هەرێم لە ئێستادا چۆنە؟

دكتۆر ئاراس:  هەرێم پێنج شۆكی تووشبوو لەوانە، بڕینی بودجەی هەرێم و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت كە گەیشتە 25 دۆلار، لەگەڵ هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێم، دوایینیشیان ئەو بارودۆخەی نالەبارەی سیاسییەی كە هەندێك لایەن دروستیانكرد، وایكرد كە هەرێم تووشی قەیران بێت.

 دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی هەرێم، كە هەندێك خەڵك قەیرانەكەیان بە داڕمان وەسفدەكرد، بەڵام ئەوەی لە هەرێم روویدا نەگەیشتە ئاستی داڕمان، بەڵكو قەیرانێكی ئابووری بوو بەڵام بەرنامەكانی حكومەت بۆ چاكسازی و خۆڕاگری هاووڵاتیان و فەرمانبەران و پاڵپشتی هەندێك كۆمپانیاو دەزگای هەرێم و نێودەوڵەتی و خۆڕاگری سەركردایەتی سیاسی كورد، ئەمە هەمووی وایكرد كە قەیرانەكە بوەستێت و ببێتە داڕمانی ئابووری.
لە ئابی 2017ەوە حكومەتی هەرێم، نەک رێگەی گرتووە لە تێكچوونی زیاتری ئابووری هەرێم، بەڵكو هەوڵیدا چارەسەری قەیرانەكە بكات، بۆ ئەمەش لەوكاتەوە قەرزی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەداتەوە، هەروەها قەرزی بانك و قەرزی توركیا و قەرزی ناوخۆیی بداتەوە، جگە لەوە لە ئازاری 2018 رێژەی پاشەكەوت لەسەر مووچەخۆران كەمكرایەوە تاوەكو لە 8ی ئازاری 2019 پاشەكەوت بەتەواوی هەڵگیرا، بەڵام لەهەمووی گرنگتر پێویستە حكومەت دەستبكاتەوە بە ئەنجامدانی پڕۆژەكان، چونكە بەئەنجامدانی پڕۆژەكان ئابووری هەرێم دەبوژێتەوە، نەك تەنیا لابردنی پاشەكەوتی مووچە.
ئێستا بارودۆخی هەرێم زۆر باش بووە، چونكە لەلایەك لەگەڵ بەغدا لێكتێگەیشتنی باش هەیەو ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت، هەروەها بەپێی بەدواداچوونی ئێمە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژ بەڕۆژ زیاددەبێت، بەشێوەیەك ئێستا نزیكەی 350 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردەدەكات، ئومێد هەیە لەوەش زیاتربێت، كەواتە ئابووری هەرێم بەرەو گەشەكردنە، بەڵام گەشەكردنی ئەمجارە سروشتی دەبێت، چونكە ئەو گەشەكردنەی ئابووری هەرێم لەنێوان (2009 تاوەكو 2013) سروشتی نەبوو، بەڵكو نائاسایی_یش بوو و لەهیچ یاسایەكی ئابووری جێگەی نەدەبوویەوەو زۆر خێرابوون، بەڵام ئەمجارە لەسەرخۆ و بەهێز دەبێت و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵك دەبێت.

دواڕۆژ: بەپێی راپۆرتێكی دەزگاكەتان، ساڵی 2013 ئابووری هەرێم گەیشتبووە (تڕۆپكی ناسرووشتی)، ئایا ئابووری هەرێم جارێكی دیكە دەگاتەوە ئەو ئاستەی پێشووی؟
دكتۆر ئاراس: زۆر ئاساییە قۆناغی 2013 تێپەڕێندرێت، بەڵام بەپێوەری ئابووری دەبێت كە ئایا داهاتی تاك چۆن و سەرچاوەكانی داهات زیاددەكرێت؟ ئێستا حكومەت گەیشۆتە ئەو بڕوایەی كە پشت بەستن بەیەك سەرچاوەی داهات هەڵەیەكی چەند گەورەیە، ئەگەر هەرێم پیشت بە سكێتەری كشتوكاڵ و پیەشەسازی و گەشتوگوزارو وەبەرهێنان ببەستێت، ئەوا ئابووری هەرێم دەگاتەوە قۆناغی 2013 بەڵام ئەوجارە بەشێوەیەكی سروشتی و زانستی دەبێت.

دواڕۆژ: زیانە ئابوورییەكانی هاتنی ئاوارەو شەڕی داعش بەچەند ملیار دەخەمڵێندرێت؟ ئایا بە نەمانی ئەو زیانە ئێستا هەرێم مانگانە چەند قەرزی كۆمپانیاكان دەداتەوە؟
دكتۆر ئاراس: بەهۆی هاتنی ئاوارەو شەڕی داعش، هەموو ساڵێك هەرێم نزیكەی 10 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووەو لە ساڵانی (2014، 2015، 2016 و 2017) زیانی هەبووە، واتا نزیكەی 40 ملیار دۆلار زیان بەر هەرێم كەوتووە، ئەگەر ئەو بارودۆخەكەش نەهاتبووایە پێشەوە، ئەوا لەوانەیە 40 ملیار دۆلاری دیكە بۆ هەرێم هاتبووایە.
لەكاتی قەیرانی دارایی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان دراوەتەوە بەهەردوو جۆرەكەی، قەرزی كۆن و شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دراوەتەوە، بەڵام ئێستا سەرجەم كۆمپانیا نەوتییەكان شایستە داراییەكانیان وەردەگرن و بەشێكی زۆریشیان بەپێی خشتەیەك مانگانە قەرزی كۆن وەردەگرنەوە.، بۆیە قەرزی كۆمپانیاكان كە پێشتر گەیشتبووە حەوت ملیار دۆلار، ئێستا زۆر زۆر كەمبووەتەوە.

دواڕۆژ: بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێوە حكومەت چەند قەرزی پاشەكەوت و قەرزەكانی دیكەی لەلا ماوەو باشترین میكانیزم بۆ گەڕانەوەی مووچەی پاشەكەوتكراو و قەزرەكانی دیكەی چییە؟
دكتۆر ئاراس: بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی دارایی مانگانە 881 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگێك پێویستە، ئەگەر بەو پێوەرە بێت، ئەوا زیاتر لە 19 تریلیۆن دینار قەرزی پاشەكەوتی لایە، بەڵام ئەو قەرزەی پاشەكەوتە مافێكی دارایی یاسایی موكتەسەبەو بەهیچ شێوەیەك لەسەر حكومەت نافەوتێت و ئیلتیزمێكە بەهیچ جۆرێك نافەوتێت.
زۆر پێشنیاز بۆ گەڕانەوەی پاشەكەوت كراوە، بەڵام لە قۆناغی یەكەم باشترین كار بۆ گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە كردنەوەی ژمارەیەكی بانكی بۆ مووچەخۆرانە، لە قۆناغی دووەم ئەنجامدانی (مقایەسە)، واتا دانەوەی قەرزی پاشەكەوت لەڕێگەی ئەو قەرزانەی لەلای مووچەخۆرانە لەقەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرەو ئاوو كارەباو خزمەتگوزارییەكانی دیكە، ئەوەشی دەمێنێتەوە لە پاشەكەوت لەلای حكومەت بە بەرنامەیەكی دارایی و دیاریكردنی كاتێكی زەمەنی بدرێتەوە فەرمانبەران.
بە بڕوای ئێمە بەهۆی باشبوونی باروۆدخی هەرێم و لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، چاوەڕوان دەكرێت قەرزەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بدرێتەوە، هەروەها بەپێی لێكدانەوەی ئێمە حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2019 سەرجەم مووچەكانی ئەمساڵ دابەشدەكات و لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم سەرجەم قەرزەكانی توركیا دەداتەوە، بۆیە داهاتی هەرێم زیادەدەكات بەمەش پڕۆژەكان دەستپێدەكەنەوەو پێشبینی دەكەین دوو مووچەی پاشەكەوتكراویش لەمساڵدا بدرێنەوە، بۆیە داوادەكەین حكومەتی هەرێم بە میكانیزمێكی ئەو پاشەكەوتە بداتەوە كە نەبێتەهۆی دروستبوونی هەڵئاوسان لە بازاڕ.

دواڕۆژ: بەپێی ئامارەكانی ئێوە، رێژەی بێكاری و هەژاری لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە چ ئاستێك؟
دكتۆر ئاراس: ئامارێكی وردمان نییە، بەڵام باس لە رێژەی جیاوازی 14% دەكرێت. ئەگەر ئێمە لەرووی زانستییەوە باسی بێكاری بكەین، ئەوا بێكاری ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە ئامادەن بۆ كارو حەزدەكەن كاربكەن و بەدوای كاردا دەگەڕێن و كاریان دەستناكەوێت، ئەوانە بێكارن بەڵام كەسێك كە تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 63 ساڵیدایەو هیچ كارێكی نییە، بەڵام ئامادەنییە هەموو كارێك بكەم، بەشێكی دیكەش كە خوێندكارە یاخود داهات و مووچەی خانەنشینی یان مووچەی خێزانەكەی وەردەگرێت، ئەوانەش بە بێكار هەژمارناكرێن، چونكە داهاتێكیان هەیە كەواتە ئەو رێژانەی باسدەكرێت راست نییە و رێژەكە زۆر لەوە كەمترە، چونكە خەڵكی ئێمە هەموو كارێك ناكات بۆیە ناچار خەڵكی بیانی و بەشەكانی دیكەی كوردستان هاتوونەتە هەرێم و كاردەكەن.
سەبارەت بە رێژەی هەژاری، لە عێراق پێوەرێك دیاریكراوە كە ئەگەر كەسێك داهاتی مانگانە لە 75 هەزار كەمتر بێت ئەوا بە هەژار هەژماردەكرێت، بەڵام لە كوردستان بەشێوەیەكی هەژماركراوە، ئەگەر كەسێك داهاتی مانگانە لە 90 هەزار كەمتربێت ئەوا بە هەژار هەژماردەكرێت، بۆیە ئەگەر بەو پێوەرە هەژماربكەین كە ئەوا رێژەكە لەكوردستان زۆر زۆر كەمدەبێتەوە، هەورەها ئێستا سەرجەم ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەبووە، گەڕاونەتەوە هەرێم و كاردەكەن ئەمەش وادەكات هەلی كار زیاتربێت و بازاڕ ببوژێتەوە ئەمەش دەرفەتی كار زۆر دەبێت و رێژەی هەژاری زۆر كەمدەبێتەوە.

پ: ک . س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure