رووداوەکان لەسلێمانی زیادیانکردووە؟
زانیاری لەسەر ئەو هاووڵاتییەی دوێنێ کوژرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/04/2019‌ :: 11380‌ جار بینراوە
وێنە: ئەرشیف

دواڕۆژ

لەماوەی رابردوودا هەواڵی بوونی چەند حاڵەتێکی کوشتن و دەستگیرکردنی باندی رفاندن لە سلێمانی بڵاوکرانەوە، ئەم رووداوانەش ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیان دروستکردوە.


شەوی رابردوو هاووڵاتییەک بەناوی (ع. ر) لە گەڕەکی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە فیشەک کوژرا، بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ ئەو کەسە باوکی (سنور عومەر) بووە کە لە ساڵی 2015دا لە پارکی دایک سنوری کچی کوشت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ کە لە سەرچاوەیەکی ناو پۆلیسی سلێمانی دەستیکەوتووە، (ع. ر) بکوژی خەسوی سنوری کچیشی بووە و لەساڵی 2016شدا لەناو بازاڕی سلێمانی پارێزەرێکی کوشتووە.

باس لەوەشدەکرێت کە (ع.ر) کێشەی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا هەبووە و هەوڵی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکەی داوە بە ناوی (هـ.د) کە ئەو کەسەش تازە لە زیندان ئازادکراوە، بەڵام هەوڵی کوشتنەکە سەری نەگرتووە و بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی دواڕۆژ، دوێنێ لە تۆڵەدا (ع.ر) کوژراوە.

هاوکات رۆژی سێشەممەی رابردوو هاووڵاتییەکیش لە شەقامی سالمی سلێمانی لەسەر قەرز کوژرا.

هەر لە ماوەی رابردوودا باندێک لە سلێمانی دەستگیرکران کە ماوەی چەند ساڵێکە تاوانی کوشتن و رفاندن ئەنجامدەدەن و دانپێدانەکانیان بڵاوکرایەوە، ئەمەش جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتیانی سلێمانی دروستکردوە.

لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: لەئێستادا ئامادە نییە لێدوان لەسەر هیچ رووداوێکی شارەکە بدات و تەنیا دەڵێت: "شار ئارامە".

رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوەی لە سلێمانی روودەدات ئامارێکی مەترسیدار نییە بۆ شارێکی گەورەی فرەڕەنگ، بەڵام ئەگەر بەراورد بە رابردوو رێژەکەش زیادیکردبێت یان بەرچاو بێت، ئەوا تەرکیزی چەند میدیایەکە لەسەر سلێمانی.

وتیشی: "هانابردنی هاووڵاتیان بۆ تۆڵەسەندنەوە دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە یاسای لێبوردنی گشتی ژمارەیەک تاوانباری ئازاکرد کە ئەمەش کارێکی خراپی پەرلەمان بوو کردی، بۆیە ئەو تاوانکارانە هاتوونەتەوە ناو کۆمەڵگە و تاوان ئەنجامدەدەن".

ئەوەشی وت: "هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە هۆشیاری بەشێک لەهاووڵاتیان لە ئاستێکی بەرزدا نییە، لەکاتی رووداوەکاندا لەبری هانابردن بۆ دەزگا ئەمنییەکان خۆیان بە ناوی تۆڵەسەندنەوە تاوان ئەنجامدەدەن".

ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: کە لەبەرئەوەی لەئێستادا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکاندا دەکەن نایەوێت هیچ زانیارییەک بدرکێنێت و لێدوان لەسەر رووداوەکان نادات.

ئا: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە