"ئێستا چی گۆڕاوە تا دڵمان پێیخۆش بێت کە سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 811‌ جار بینراوە
عبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەكانی كوردستان

دواڕۆژ، سامان قوبادی


عبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لە چەند پرسێکی هەنووکەیی دەکات و دەڵێت: "ئێستا چی گۆڕاوە لە چاو پێشوو، تا دڵمان پێیخۆش بێت و پێمانوابێت تەنھا لەبەرئەوەی سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، ئیتر سیستمەکە بۆتە پەرلەمانی، ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیابوایە لەوەی کە دەرفەت ھەیە و دەتوانرێت ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێم لەناو خەڵکەوە بکرێت، نەیدەھێنایە ناو پەرلەمان".

دواڕۆژ: بۆچی تائێستا کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری یەکلایی کەرەوەی لەبارەی بەشداریکردن لە کابینەی نوێدا نەداوە؟
 عەبدولستار مەجید: نەریتی سیاسیی لە دونیادا وایە کە خولێکی نوێی پەرلەمانیی ھەڵدەبژێردرێت و سەرۆک کەسێک بۆ پێکھێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت، ھێزە سیاسییەکان بڕیار لەسەر خواستی بەشداریکردن و نەکردنی حکومەت دەدەن . بەڵام لای ئێمە لە ھیچ شوێنێکی دونیا ناچێت، ئەوانەی بڕیاری سیاسیی و موقەدەراتی میلەتێکیان قۆرخکردووە، چۆن لەسەر پۆستێکی بێدەسەڵات شەش مانگە مشتومڕ و ھێنان و بردنیانە . ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەشەوە، ھیچ ھێزێک لە کوردستان ھێندەی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە بڕیارداندا ڕاشکاو و سەربەخۆ نییە، چونکە مەرکەزی قەرارمان پتەو و بەھێزە و کاتی بڕیاردانیش لەو بارەیەوە دێت، بەڵام بڕیارێک کە دڵنیابین لە بەدیھێنانی ئەو ئامانجەی ساڵانێکی زۆرە کاری بۆ دەکەین، لای ئێمە بڕیاری سیاسیی بۆ موزایەدات و کاروکاردانەوە نییە، بەڵکو بۆ پێکانی ئامانجێکە کە قازانجەکەی بۆ خەڵکی کوردستان بێت. 

دواڕۆژ: ئایا بەشداری کابینەکە دەکەن؟ 
عەبدولستار مەجید: ئەمە دوو لایەنەیە، بەشێکیان پەیوەستە بە دەرەوەی خۆمان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە وەک لایەنی پێکھێنەری حکومەت، بەشێکی تری پەیوەستە بە خواست و ئیرادەی ئێمە بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنێتی بەشدارییکردن یان نەکردن لە حکومەت، ھەرکات پارتی بەشێوازی فەرمیی و پرۆتۆکۆلیی داواکاری بەشداریکردنی خستەڕوو، قۆناغی دانوستانی جدی دەست پێدەکات کە ئاخۆ تا چەند بەرنامەی ئێمە و پێگە و شکۆی سیاسییمان لەو داوایەدا پارێزراو دەبێت، ئەوکات بڕیاری کۆتایی دەدەین ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ش هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ بڕوا هیچ زه‌ره‌رێكمان نه‌كردوه‌و به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كارو پڕۆژه‌ی خۆمان، هیچ له‌ دۆخی ئێمه‌ ناگۆڕێت.

 دواڕۆژ: ھۆکاری ساردی گفتوگۆکانتان لەگەڵ پارتی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
 عەبدولستار مەجید: بڕیاری سیاسیی ئێمە ئەوەیە پەیوەندیەکی نۆرماڵ و باشمان لەگەڵ تەواوی ھێزە سیاسییەکاندا ھەبێت، جا پارتی لەگەڵ ئەو ھێزانەی کە شەش مانگە شەڕی وەرگرتنی پۆست و کورسییانە گفتوگۆکانیان بە چی گەیشتووە تا لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ھۆکارێکی ھەبێت بۆ ساردوسڕی؟! دەمەوێت ئەوەش بە ڕاشکاوی بڵێم ئەم پرسی بەشداریکردن و نەکردن و گفتوگۆنەکردنەی بۆ پێکھێنانی حکومەت ھەیە, ھەندێ لایەن و ڕاگەیاندن گەورەیان کردووە، ئەگینا لای ئێمە جێی باس نیە تەنانەت ھیچ گرنگیی و بەھایەکیشی نیە،‌ سه‌رقاڵی كاره‌كانی خۆمانین له‌ هه‌موو بواره‌كان. 

دواڕۆژ: ئایا پارتی داوای لێ کردوون بەشداری کابینەی نوێ بکەن؟ 
عەبدولستار مەجید: بەمدواییانە کە ھەردوولامان دەستمان بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان و تێپەڕاندنی قۆناغی ناکۆییەکانی ڕابردوو کردووە، لەکاتی سەردانی ھەردوولامان بۆلای یەکتر باسکراوە، بەڵام ئێمە نەچوینەتە ناو وردەکارییەوە و بە برادەرانی پارتیمان وتووە کە ئەگەر خواستێکی لەو شێوەیەتان ھەیە، پێویستە بە فەرمیی و پرۆتۆکۆڵی عەرزی تەڵەبی خۆتان بکەن. 

دواڕۆژ: ئەگەر بەشداری حکومەتی نوێ بکەن دەتانەوێت کام وەزارەت وەربگرن؟ 
عەبدولستار مەجید: کە بەشداری کابینەی ھەشتەممان کرد وەزارەتی کشتوکاڵ له‌گه‌ڵ وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری ژینگه‌ و ده‌سته‌ی مینمان وەرگرت، بە درێژایی تەمەنی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان پرسێکی گرنگ و وەزارەتێک نەبوو کە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی گرنگی پێبدات، ئەسڵەن وەک پەراوێزیش سەیریان دەکرد، بەڵام کە وەرمانگرت، کردمان بە سێکتەر و وەزارەتێکی وا کە جێگەی گرنگی خەڵکی کوردستان بێت، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ردوو برای به‌ڕێزیشم كاك عەبدولرحمان و كاك محەمەد به‌چاكترین شێوه‌ ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ كردوه‌، ئەمە بۆ ھەر وەزارەت و بەرپرسیارێتیەکی دیکەش لای ئێمە ھەر وایە، چونکە پۆست و کورسی لای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەرک و ئەمانەتی خەڵکە، نەک کیسەی پارە پەیداکردن و خۆدەوڵەمەندکردن . 

دواڕۆژ: لەسەر پرسی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم رای کۆمەڵ چۆنە؟ گۆڕان بە رێککەوتنی لەمبارەیەوە کارێکی باشی کردووە؟ 
عەبدولستار مەجید: ڕای ئێمە لەم خولەی پەرلەمان بۆ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، ھەمان ڕا و پرۆژەی خوشک و برایانمانە لە فراکسیۆنی پێشوو، قەناعەتی سیاسیی کراسێک نییە ھەرکات چڵکن بوو بیگۆڕین، بۆ ئەم خولەش خاوەنی پرۆژەی خۆمان بوین، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر لەنێوان پارتی و گۆڕان و پێکھاتەکاندا کرابوو، پرۆژەکەی ئێمە پشتگوێخرا کە ئەوەش پێشێلکارییەکی پەیڕەوی ناوخۆ و لادان بوو لەو تەواوفوقەی کە بەپاساوی تێکدانی، لە خولی پێشوودا پارتی پەرلەمانی لەسەر داخست، لەم خولەشدا خۆی ھەمان کاری کردەوە . 

دواڕۆژ: باست لەوە کردووە ئەوەی روودەدات پڕۆسەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی حیزبیە، درێژەدانە بە دۆخی پێنج ساڵی رابردوو، مەبست چییە؟ 
عەبدولستار مەجید: بێگومان وایە، کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بەھەمان یاساکەی ساڵی ٢٠٠٥، توشی ھەمان کێشە و قەیران و ناکۆکیمان دەکاتەوە کە لە ڕابردوودا پێوەی گرفتاربووین کە سەرەنجام ھەموو خەڵک و پەرلەمان و حکومەتیش خەریکی چارەسەری کێشەی سەرۆکایه‌تی ھەرێم بوون و بۆیان چارەسەرنەکرا، ئێستا چی گۆڕاوە لە چاو پێشوو، تا دڵمان پێیخۆش بێت و پێمانوابێت تەنھا لەبەرئەوەی سەرۆک لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، ئیتر سیستمەکە بۆتە پەرلەمانی. ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان دڵنیابوایە لەوەی کە دەرفەت ھەیە و دەتوانرێت ھەڵبژاردن بۆ سەرۆکی ھەرێم لەناو خەڵکەوە بکرێت، نەیدەھێنایە ناو پەرلەمان، دووبارەکردنەوەی شتی ئەزمونکراو، پەشیمانی لەدواوەیە، ئەمەی ئێستاش ھەیە لە مەتبەخی سیاسیی پارتی و ئەوانەی پشتگیریی دەکەن ئامادەکراوە و ھێنراوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی پێبدەن، خۆشیان زۆرینەی پەرلەمانن پرۆژەکەشیان چۆن ھێناوەتە پەرلەمان بەھەمان دەق دەیبەنە دەرەوە و مۆرێکی یاسایی لێدەدەن.

پ: ك. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure