لەسەر رووداوەكانی سلێمانی میوانداری بەڕێوەبەری پۆلیس دەكرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/04/2019‌ :: 1581‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لەپلانیدایە یاداشتێك پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بكات بۆ میوانداریكردنی بەڕێوەبەری پۆلیس لەسەر رووداوەكانی كوشتن، دەستەی مافی مرۆڤیش پێشنیاز دەكات دەزگا ئەمنییەكان مەفرەزەی لەناكاو لەباشترین و هێمنترین گەڕەكەكانیش دابنێن.

هەفتەی رابردوو بۆ شاری سلێمانی هەفتەیەكی پڕ لە تاوان بوو، سەرەتاكەی بەدەستگیركردنی باندێكی دزی و رفاندن و كوشتن دەستپێكرد كە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كرابوون، دواتر لەماوەی چوار رۆژدا سێ هاوڵاتی كوژران، یەكێكیان لەشەقامی سالم لەسەر مامەڵەی پارەی ئۆتۆمبێل كە تۆمەتبارەكان دەستگیركران، تاوانی دووەمیش كوشتنی باوكێك لەلایەن دوو كوڕی خۆیەوە بەچەقۆ لەسەر كێشەی جیابوونەوەی باوك و دایكیان، سێیەمیش ئێوارەی رۆژی هەینی لەگردی مامەیارە كوشتنی هاوڵاتییەك و برینداركردنی كەسێكی دیكە كە لەگەڵیدا بووە.

بۆ رووداوەكانی كوشتنی یەكەم و دووەم پۆلیسی سلێمانی بەڕاگەیەندراوی فەرمی هەردوو رووداوەكەی بڵاوكردەوە، بەڵام بۆ رووداوی سێیەم پۆلیسی سلێمانی تائێستا نە راگەیەندراوی بڵاوكردۆتەوە و نە سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانیش وەڵامی پەیوەندییەكان دەداتەوە بۆ روونكردنەوە دەربارەی رووداوەكە.

عەلی حەسەن، هاوڵاتییەكی تەمەن 49 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: رووداوەكانی ئەم چەند رۆژە زۆربەی خەڵكی بێتاقەت كرد، چونكە پرسیاری سەرەكی خەڵك ئەوەیە بۆچی لەماوەی 4 رۆژدا 3 هاوڵاتی بكوژرێن؟ ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بڕوات، دوور نییە رووداوی دیكەشی لێبكەوێتەوە و بۆشایی ئەمنی دروست ببێت.

بەرزان حامید، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەم ماوەیەدا بەشێوەیەكی نائاسایی رووداوەكان روویانداوە و لەبەرنامەیاندایە لەداهاتوودا یاداشتێك بدەنە سەرۆكایەتی ئەنجومەن بۆ میوانداریكردنی بەڕێوەبەری پۆلیس تا بزانن هۆكاری ئەو رووداوانە چین بۆ ئەوەی ئەنجومەنیش پاڵپشتی دەزگا ئەمنییەكان بن


ناوبراو روونیكردەوە: هۆكاری رووداوەكان هەمەجۆرن هەندێكیان پەیوەندی بەهەڵگرتنی زۆری چەكەوە هەیە كە تائێستا سنوردار نەكراوە، هەندێكیان كێشەی كۆمەڵایەتییە، بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوەیە رەنگە تۆمەتبار وا هەست بكات ئەگەر تاوانیش بكات بۆی دەچێتەسەر، پاشان ئەو تۆمەتبارانەشی لەسەر رووداوەكان دەستگیر دەكرێن سزاكەیان بۆ خەڵك ئاشكرا ناكرێت تا خەڵكیش بزانن چۆن سزا دراون.


محەمەد گۆمەشینی: وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەدواڕۆژی راگەیاند: لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا حاڵەتەكانی كوشتن لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی و  دەستگیركردنی ئەو باندەی سلێمانی، دەركەوتوون رووداوەكان بەچەك ئەنجامدراون و تۆمەتبارانیش هاوڵاتی ئاسایی بوون و چەكیان دەستكەوتووە، بۆیە رووداوەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی هاوڵاتی دەتوانێت چەكی دەست بكەوێت، ئەگەر هاوڵاتییەكە كێشەیەكی كۆمەڵایەتیشی هەبێت دەتوانێت لەدەرەوەی دادگا "چارەسەر"ی بكات.


بە بۆچوونی گۆمەشینی: پێویستە هەڵمەتەكانی دەزگا ئەمنییەكان بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەك و ئۆتۆمبێلی جامڕەش چڕتر بكرێنەوە، چونكە ئەوەی لای هاوڵاتیان بۆتە دڵەڕاوكێ جۆری تاوانەكەیە، كاتێك خەڵك بتوانێت بەڕۆژی رووناك خەڵك بكوژێت و هەڵبێت، یان تۆمەتبارەكانیش دەستگیر بكرێن، بەڵام ئەو تۆمەتبارە بۆچی بوێری هەبێت بەبەرچاوی خەڵكەوە خەڵك بكوژێت؟

وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ پێشنیازی ئەوە بوو مەفرەزەی دەزگا ئەمنییەكان لەشوێنە قەرەباڵغ و گشتییەكان زیاتر بكرێن و تەنانەت هاتووچۆی شەقامی نێوان دوو پارێزگاش مەفرەزەی تایبەت دابنرێت وەكو دڵنەوایی بۆ خەڵك، هەروەها دەزگا ئەمنییەكان مەفرەزەی لەناكاو لەباشترین و هێمنترین گەڕەكەكانیش دابنێن، پاشان كۆنتڕۆڵی بازاڕی چەك بكرێت بەلێپرسینەوەی ئەو كەسانەشی لەدەرەوەی رێكاری یاسایی چەك بەخەڵك دەفرۆشن.


ئاوات محەمەد، بەڕێوەبەری رێكخراوی سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) بەدواڕۆژی راگەیاند: چەند هۆكارێك لەپشت ئەو رووداوانەن سەرەكیترینیان دەركردنی لێبوردنی گشتییە بۆ هەندێك لەو كەسانە كە دووبارە تاوان دەكەنەوە، چونكە ئەو كەسانە چاك نەبوون.

ناوبراو پێشنیازیكرد: پەرلەمانی كوردستان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم لێبوردن بۆ كەسانێك دەرنەكەن كە چاك نەبوون، هەروەها پێویستە یاسا بەسەر هەموو كەس و هێزێكدا جێبەجێبكرێت"، سەبارەت بەوەی خەڵكێك هەبووە پێشتر تاوانی نەكردووە و ئێستا تاوانی كردووەتەوە، ئاوات جەختیكردەوە: تاوان مەسەلەیەكی جیهانییە، بەڵام هۆكارەكانی فەراهەمكردنی كەسێكی دیكە كە تاوان بكات ئەو هۆكارانەی پێشترە.

كەژاڵ شیروانی، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان لەپەرلەمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەهەر خولێكی پەرلەمان كە لێبوردنێك دەردەكرێت پێویستە تاوتوێی زیاتر بكرێت، چونكە هەندێك كەس بەر ئەو لێبوردنە كەوتوون و شایستەی نەبوون، هەرچەندە لەخولی پێشتر لەلێبوردنەكە وایانكرد بكوژی ژن و رۆژنامەنووس و زانای ئاینی نابێت ئازاد بكرێن.

شیروانی وتی :"لێبوردنی گشتی هەبێت باشترە، چونكە هەندێك تاوانبار  شایستەیە بەر لێبوردن بكەوێت، بەڵام نایگرێتەوە و هەندێك تاوانباریش شایستە نین و دەیانگرێتەوە، بۆیە دەبێت وردتر تاووتوێی لێبوردنی گشتی بكرێت، نەك بەڕەهایی دەربكرێت".

هەرێمی كوردستان لەپێنج ساڵی رابردوودا رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو: هۆكارێكی سەرەكی قەیرانی دارایی بوو وایكرد تاڕادەیەك دەستمان لەیاسای لێبوردنی گشتی شل ببێت، چونكە دەوترا بەندكراوەكان بارگرانین بەسەر حكومەتەوە.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە