نێچیرڤان بارزانی دواین پەیام بە عومەری سەید عەلی دەگەیەنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/04/2019‌ :: 6015‌ جار بینراوە
نێچیرڤان بارزانى و عومه‌رى سه‌ید عه‌لى فۆتۆ: ئه‌رشیف

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بڕیارە ئەمڕۆ جێگرى سه‌رۆكى پارتى دواین پەیامی حزبه‌كه‌ى به‌ رێكخەری گشتی گۆڕان بگەیەنێت ده‌رباره‌ى جێگیركردنى پۆستى جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم، بەڵام بەرپرسێكی گۆڕان دەڵێت: "ناتوانن لە پەرلەمان جێگری دووەم جێگیر بكەن، چونكە ئەو بابەتانە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسییە".


بڕیاربوو هەفتەی رابردوو رێككەوتنی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان و یەكێتی نیشتیمانى كوردستان واژۆ بكرێت، بەڵام بەهۆی زیادكردنی جێگری دووەمى سەرۆكی هەرێم له‌ رێككه‌وتندا له‌گه‌ڵ یەكێتی، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناڕازیبوونی خۆی نیشانداوە لەبەرئەوەی پێشتر لەگەڵ پارتی رێككەوتوون كە سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت ئەوەش بۆ گۆڕان بێت.

هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت، به‌ڵام ئەو كۆبوونەوەیە دواخرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی گۆڕانەوە بە دواڕۆژ دراون، ئه‌و حیزبه‌ وەڵامێكی تاڕادەیەك كۆتایی بە پارتی داوەتەوە كە نایانەوێت جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، بڕیارە ئەمڕۆش گفتوگۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی بكرێت و رەنگە بڕیاری تەواوی تێدابدرێت.

ئەو سەرچاوەیە وتی: "بژاردەیەكی دیكە هەیە یەكێتی دەست لە پۆستى سەرۆكی پەرلەمان هەڵبگرێت و ئەو پۆستە بۆ گۆڕان بێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر پارتی دەیوت نابێت گۆڕان لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا هەبێت، بۆیە ئەگەر وەكو چارەیەكیش ئەوە بكرێت رەنگە گۆڕان رازی بێت، چونكە سەرۆكی پەرلەمانیش پۆستی سیادییە و لە جێگری یەكەمی سەرۆكی هەرێم باشترە".

بەڵام سەرچاوەیەك لە پارتی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: پێناچێت كۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕان لەئاستی باڵادا بكرێت، بەڵكو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بەتەلەفۆن لەگەڵ عومەری سەید عەلی، رێكخەری گشتی گۆڕان قسە دەكات و نوێترین پەیامی پارتی پێدەگەیەنێت كە رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكرێت و جێگری دووەمیش بۆ سەرۆكی هەرێم جێگیر دەكەن.

چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە دواڕۆژی راگەیاند: كێشەكە لەسەر جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێمە، چونكە پێشتر رێككەوتنی نووسراویان لەگەڵ پارتی هەیە كە سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت، بەڵام ئێستا دەبێتە دوو جێگر ئەوه‌ش لە هەیبەتی جێگرەكە كەمدەكاتەوە ئەگەر بۆ كاروباری سەربازی بێت.

وتیشی: "بۆ زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم ئێمە كێشەمان لەگەڵ یەكێتی نییە، بەڵكو كێشەمان لەگەڵ پارتی هەیە و ئەو كێشەیەیان لەگەڵ چارەسەردەكەین"، سەبارەت بەوەی بڕیارە ئەمڕۆ پارتی پەیامی خۆیانیان پێبگەیەنن، موهەندیس روونیكردەوە :"پەیوەندی هەیە و رەنگە دانیشتنیش بكرێت".

دەربارەی ئەوەش ئەگەر لە پەرلەمانی كوردستان جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، هەڵوێستی ئەوان چی دەبێت، بەرپرسەكەی گۆڕان وتی: "ناتوانن لە پەرلەمان جێگیری بكەن، چونكە ئەو بابەتانە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسییە و ئێمە رێككەوتنی سیاسیمان هەیە، تائێستا دیارنییە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر چ بنەمایەكە، دەبێت رێككەوتنی و ئێمە و پارتی بەدەقیقی جێبەجێ بكرێت".

دەربارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش لەلایەن گۆڕانەوە لەبری زیادكردنی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم، چالاك موهەندیس دەڵێت :"بۆ ئەوەیان نازانم، چونكە شاندی دانوستانكار نیم، بەڵام هەموو شتێك قابیلی گفتوگۆكردنە".

لەلایەكی دیكەوە بەهمەن كاك عەبدوڵا، ئه‌ندامى پەرلەمانی كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: "بۆ دانیشتنی رۆژی سێشەممە و پەسەندكردنی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم ئاگادارنیم، بەڵام گفتوگۆ لەنێوان هەر سێ لایەن بەردەوامە و رەنگە ئەمڕۆ یان سبەینێ دانوستان بكرێت و ئەگەر گەیشتنە چارەسەرێك، بەمزوانە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە