شه‌هناز: دوو مانگ ئالیكى ئاژه‌ڵم خوارد و 45 جار ده‌ستدرێژیان كرده‌ سه‌رم

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/04/2019‌ :: 15591‌ جار بینراوە
شەھناز حەمۆ خەڵەف

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی


"له‌ساڵى 2014 له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م له‌ شه‌نگال كه‌وتینه‌ ده‌ستى داعش، پاش جیاكردنه‌وه‌ى من چه‌كدارێكى داعش كردمییه‌ كۆیله‌ى خۆى، ئیتر له‌وساته‌وه‌ نه‌هامه‌تییه‌كانم ده‌ستیانپێكرد، چونكه‌ به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ى له‌لاى بووم ده‌ستدرێژى ده‌كرده‌ سه‌رم و ناچاری ده‌كرم حه‌پى دژه‌ سكپڕى بخۆم بۆ ئه‌وه‌ى منداڵم لێى نه‌بێت".


چیرۆكه‌كان كڕین و فرۆشتنى كچانى ئێزیدى له‌ژێر سایه‌ى حوكمى ڕه‌شى داعش-دا، كۆتایین نایه‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا كچانى ئێزیدى به‌ دزییه‌وه‌ هه‌ڵده‌هاتن و خۆیان ده‌گه‌یانده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێستا حوكمى داعش له‌ سوریا و عێراق نه‌ماوه‌ و زۆرینه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نیشتیمانى خۆیان. شه‌هناز-یش یه‌كێكه‌ له‌و كچه‌ ئێزیدیانه‌ى كه‌ له‌دواى رزگاركردنى باغۆز له‌ده‌ست داعش رزگاریبوو، چیرۆكى ده‌ستدرێژى و نه‌هامه‌تییه‌كانى خۆى به‌ده‌ست ئه‌و گروپه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

شه‌هناز ناوى ته‌واوى شەھناز حەمۆ خەڵەف-ه‌، به‌ وته‌ى خۆى، له‌ تەمەنی 13 ساڵیدا بووه‌ كاتێك داعش هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر شه‌نگال، له‌نێویشیدا گونده‌كه‌ى ئەوان كه‌ ناوى (گرزەرک)ە و سەر بە ناحیەی گرعزێر-ه‌ لە باشوری قەزای شەنگال.

شه‌هناز ئێستا ته‌مه‌نى گه‌یشتووه‌ته‌ 18 ساڵ و باسى سه‌ره‌تاى ده‌ستگیركردنیان له‌لایه‌ن داعش-ه‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت :"له‌ به‌ره‌به‌یانى 3ى ئابى 2014 كه‌ داعش هێرشى كرده‌ سه‌ر شه‌نگال له‌گه‌ڵ دایك و باوك و خوشكه‌كه‌م و مامم ده‌ستگیرییان كردین، هه‌مان ڕۆژ بردینیان بۆ بەعاج، له‌وێ من و دایك و باوك و خوشكه‌كه‌م جیاكراینه‌وه‌، دواتر ئێواره‌ى هه‌مان ڕۆژ ره‌وانه‌ى موسڵ كراین، ماوه‌ى مانگێك له‌وێ ماینه‌وه‌، له‌كۆتاییدا من له‌ دایك و خوشكه‌كه‌شم جیاكرامه‌وه‌ و نێردرام بۆ ته‌لعه‌فه‌ر و خرامه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى چه‌كدارێكى داعش بێت و بمكاته‌ كۆیله‌ى خۆى".

شه‌هناز باس له‌وه‌شده‌كات: پاش ماوه‌یه‌كى زۆر هێنان و بردنى له‌نێوان کومەڵگای تل بەنات و  تل قەسەب  لە شنگال، سه‌ره‌نجام بردویانه‌ته‌وه‌ بۆ موسڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات :له‌گه‌ڵ دووباره‌ گێڕانه‌وه‌م بۆ موسڵ ئیتر نه‌هامه‌تییه‌ راسته‌قینه‌كانم ده‌ستیانپێكرد، چونكه‌ له‌وێ چه‌كدارێكى داعش کە خۆی خەڵکی موسڵ بوو به‌ناوى (سەدام سالح حسێن) و منى كرده‌ كۆیله‌ى خۆى و بردمیه‌ ماڵه‌كه‌ى خۆى، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵى بژیم. هه‌ڵسوكه‌وتى زۆر خراپ بوو له‌گه‌ڵم، رۆژانه‌ لێدانم ده‌خوارد به‌ده‌ستى".

ئه‌و كچه‌ ئێزدییه‌ به‌ده‌م گریانه‌وه‌ به‌رده‌وام بوو له‌گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكه‌كه‌ى و وتی :"سه‌دام خێزانیشى هه‌بوو، بۆیه‌ منى وه‌ك خزمه‌تكارێك له‌ماڵه‌كه‌ى راگرتبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش منى به‌ موڵكى خۆى ده‌زانى، هه‌ربۆیه‌ زیاتر له‌ 45 جار ده‌ستدرێژى سێكسى كرده‌ سه‌رم، بۆ ئه‌وه‌شى دووگیان نه‌بم ناچاری كردم له‌و ماوه‌یه‌دا 250 حه‌پى دژه‌ سكپڕى بخۆم".

شه‌هناز كه‌ چیتر روخسارى له‌ كچێكى 18 ساڵ ناچێت و به‌ته‌واوه‌تى شوێنه‌وارى ئه‌و ژیانه‌ قورسه‌ى كه‌ پێیدا تێپه‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر روخسارییه‌وه‌ دیاره‌و درێژه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ى نه‌هامه‌تییه‌كانى ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات :دواى دوو ساڵ تێپه‌ڕكردنى ژیان به‌وشێوه‌یه‌ رومانكرده‌ سوریا، له‌وێش دوو ساڵ ماینه‌وه‌ و له‌وماوه‌یه‌دا له‌ناوچه‌كانى: دیشێش،  رەققا، مەعدان، سوەر و خەمسیێ ژیانمان به‌سه‌ر برد، تا له‌كۆتاید رومانكرده‌ باغۆز.

بۆ شه‌هناز ژیان له‌باغۆز قۆناغێكى تربووه‌، چونكه‌ له‌وێ جگه‌ له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانى كۆیله‌بوون و ده‌ستدرێژى برسیه‌تیشى بینیووه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت :"لە شارۆچکەی باغۆز ماینەتەوە تا شەڕ و پێکدادان لەو دەڤەرە دەستپێکرد. ئەو چەکدارەی داعش منی بەجێھێشت و چوو بەرەکانی شەڕ، منیش لەناو خێزانەکانی داعش-دا مامەوە. له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ گرانى دروستبوو له‌وێ، خه‌ڵكى برسى بوون، ته‌نانه‌ت نرخى یه‌ك كیسه‌ ئارد گه‌یشتبووه‌ 400 دۆلار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ نه‌بوو بیخۆین  ناچاربووین دوو مانگ ئالیكى ئاژه‌ڵمان ده‌خوارد، له‌گه‌ڵ گه‌نم-یش هه‌بوو ده‌مانكوڵاند و وه‌ك شۆربا ده‌مانخوارد، جارى واشهه‌بوو ئه‌و شتانه‌ش نه‌بوو بیخۆین".
 
یه‌كێك له‌و شتانه‌ى وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: "بیرم ناچێته‌وه‌"، بریتیه‌ له‌ بینینى كچانى ئێزیدى تر و ئاشكرایده‌كات :"له‌ باغۆز كچێكى ترى ئێزید-یم بینى كه‌ خه‌ڵكى گوندى كۆچۆ بوو، یه‌كتریمان ناسییه‌وه‌، به‌ڵام نه‌مانوێرا به‌ كوردى قسه‌ بكه‌یت".

رزگاربوونى شه‌هناز له‌ده‌ستى داعش دیسانه‌وه‌ بۆخۆى چیرۆكێكى تره‌، چونكه‌ ئه‌م كچه‌ ئێزیدییه‌ هاوشێوه‌ى خه‌ڵكى ئاسایی نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات تا رزگارى ببێت، به‌ڵكو به‌پاره‌ ئازادكراوه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت :"پێش ئه‌وه‌ى باغۆز به‌ته‌واوه‌تى رزگاربكرێت، من له‌گه‌ڵ خێزانێك خۆمگه‌یانده‌ ناوچه‌ى  دیشێش له‌ دێره‌زور، له‌وێ كه‌سێك له‌به‌رامبه‌ر بڕى هه‌زار و 500 دۆلار، منى گه‌یانده‌ ناوچه‌یه‌كى تر تا گه‌یشتمه‌ سه‌ر سنورى سوریا و عێراق، پاشان گه‌یشتمه‌ زوممار، له‌وێ كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ گه‌یشته‌ خێزانه‌كه‌م كه‌ من له‌وێم هاتن به‌شوێنمدا، به‌ڵام دیسانه‌وه‌ ناچاربوون بۆ رزگاركردنم پاره‌بده‌ن، ئه‌وه‌بوو 20 هه‌زار دۆلاریاندا به‌ كه‌سێكى خه‌ڵكى موسڵ-دا و به‌ته‌واوه‌تى رزگاریان كردم".

شه‌هناز ئێستا كه‌ خۆی و دایكى رزگاریانبووه‌، جگه‌ له‌خه‌مى بێسه‌روشوێنبوونى مامى و باوكى خه‌مى گه‌وره‌ى خوشكه‌كه‌یه‌تى كه‌ تا ئێستاش چاره‌نوسى نادیاره‌، ده‌ڵێت :"كۆتا جار كه‌ خوشكه‌كه‌م بینى له‌ ته‌لعه‌فه‌ر بوو، پاش ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌ك له‌ ره‌ققه‌ بووبوو، ئێستاش نازانم چاره‌نوسى چى به‌سه‌ر هاتووه‌؟".

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure