دواڕۆژ ته‌واوى پشكى لایه‌نه‌كان له‌ كابینه‌ى داهاتوودا ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1661‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌دواى تێپه‌ربوونى 185 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، چارەنوسی زیاتر لە 98%ى چوار پۆسته‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ ‌و پۆسته‌ وزارییه‌كانى كابینه‌ى نوێی حكومەت یەكلابوەتەوە‌ و ئه‌ودواى پۆسته‌كانیش گفتوگۆى لایه‌نه‌كانى له‌سه‌ر ماوه‌.


ته‌نها پرسى دوو جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌ریه‌ك له‌ (سۆسالیست، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى، پێكهاته‌ى كریستان و مه‌سیحه‌ییه‌كان) به‌ ته‌واوى یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌.

پشكى لایه‌نه‌كان له‌ چوار سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا:
پۆستى سەرۆكی هەرێم‌ و سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ گۆڕان، سكرتێری پەرلەمانیش بۆ توركمان، سەرۆكی هەرێم دوو جێگرى ده‌بێت یه‌كێكیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌ و ئه‌ویتر بۆ یه‌كێتیى ( تاوه‌كو ئێستا كێشه‌ى له‌سه‌ره‌)، پۆستی سەرۆكایەتی دادوەری هەرێمی كوردستان لاى پارتى ده‌مێنێـته‌وه‌.

• پشكى یه‌كێتیى له‌ پۆسته وزارییه‌كانى كابینه‌ى داهاتوو:
1. وەزارەتی پێشمەرگە

2. وەزارەتی پلاندانان

3.  وەزارەتی خوێدنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى

4. وەزارەتی كشتوكاڵ

5. وەزارەتی رۆشنبیرى و لاوان

6.  وه‌زاره‌تى هه‌رێم بۆ كاروبارى به‌غدا

7. ده‌سته‌ى پاراستن و چاككردنى ژینگه‌

8. ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار

9. ده‌سته‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم

10. بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ناوخۆ

11. جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە

12. سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران

• پشكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ پۆسته‌ وزارییه‌كانى كابینه‌ى داهاتوو:
1. وەزیری دارایی

2. وەزارەتی بازرگانی‌ و پیشەسازی

3. وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی

4. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە 

5. بریكارى وەزیری ناوخۆ

6. دوو نوێنەرایەتی له‌ فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم

8. بریكاری وەزیری پەروەردە

9. ژماره‌یه‌ك پۆستى دیكه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كانى دیكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، كه‌ له‌ 12% پۆسته‌كان ده‌كات.

• پشكى پارتی لە پۆسته‌ وزارییه‌كانى كابینه‌ى داهاتوو:
1. وەزارەتی ناوخۆ

2. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان

3. وەزارەتی شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار

4. وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى

5. وەزارەتی داد (ئه‌گه‌رێكى كه‌مى هه‌یه‌ بدرێته‌وه‌ به‌ پێكهاته‌ى توركمان)

6. وەزارەتی گواستنەوە‌ و گەیاندن

7. وەزارەتی كاروباری شەهیدان (یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ بدرێت به‌ سۆسالیست)

8. وەزارەتی ئەوقاف و كاروبارى ئیسلامى (بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى داوایكردووه‌)

9. وه‌زاره‌تى كاره‌با

10. وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌

11. سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە

12. راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان

13. سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران

14. دەستەی وەبەرهێنان

15. سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم 

16. دەزگای گشتیی كاروباری مین

17. فەرمانگەی هەماهەنگی‌ و بەدواداچوون

18. فەرمانگەی میدیا‌ و زانیاری (وتەبێژی حكومەت‌)

19. ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان

پۆستى ده‌سته‌كانى سه‌ر به‌ په‌رله‌مانى كوردستان:
* به‌هۆى به‌سه‌رچوونى ماوه‌ى یاسایى ئه‌و ده‌ستانه‌ و نه‌بوونى ململانێ له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌، ئه‌و پرسه‌ له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان له‌ رێگه‌ى سیڤى یه‌كلاده‌كرێنه‌وه‌ ده‌سته‌كانیش بریتین له‌ ده‌سته‌ى (نه‌زاهه‌ و مافى مرۆڤ) و دیوانى چاودێرى دارایى.

هه‌رچى فه‌رمانگه‌ى رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانى سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوى ماوه‌ته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستا هیچ لایه‌نێك داواى نه‌كردووه‌.

پشكى  پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى دیكه‌
هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان له‌ كابینه‌ى داهاتوودا به‌شدارى پێبكرێت به‌ یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى (شەهیدان‌ و ئەنفالكراوان، وه‌زیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، وه‌زیری هەرێم  بۆ کاروباری ژینگە یاخود وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌).

بڕیارە پێكهاتەكانیش پێكهاته‌ى كریستان و مه‌سیحى پۆستێكى وزارى لە حكومەت وەربگرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواى وه‌زاره‌تێك و ده‌سته‌ى مافى مرۆڤیان كردۆته‌وه‌ و هه‌رچى توركمانه‌كانیشه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى پۆستى سكرتێر په‌رله‌مانیان وه‌رگرتووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌رى وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تێكى دیكه‌ لاوازه‌.

ئەگەری بەشداریكردنی بزوتنەوەی ئیسلامیش لە حكومەت هەیە، پێدەچێت پارتی لە پشكی خۆی، پۆستێك بەو حزبەش بدات. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ شانده‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ بۆ به‌شدارى لە حكومەت داوای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامیان كردووه‌، مەسرور بارزانی-ش ته‌نها پێشنیازه‌كه‌ى وه‌رگرتوون و به‌ڵێنیشى پێداون بەشێوەی فەرمی سه‌ردانیان بكات.

بەپێی زانیارییەكان پارتی نایەوێت پۆستی وه‌زیر له‌ كابینەی داهاتوودا به‌ بزوتنەوە بدات، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى بریكارى وه‌زیر و راوێژكار به‌شدارى به‌و حزبه‌ ده‌كات و چه‌ند جارێكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ له‌نێوانیاندا كراوه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure