سێ مه‌رج بۆ كۆتایى هێنان به‌ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ سودان ده‌خرێته‌ڕوو

هەواڵ / جیهان :: 13/04/2019‌ :: 224‌ جار بینراوە
خۆپیشاندان و مانگرتنه‌كان له‌ سودان درێژه‌ى هه‌یه‌

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

هێزه‌كانى راگه‌یاندنى ئازادى و گۆڕان له‌ سودان سێ داواكارى سه‌ره‌كى ده‌خاته‌ڕوو بۆ كۆتایى هێنان به‌ مانگرتنى به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م فه‌رمانده‌یى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان.


راگه‌یاندنى ئه‌و مه‌رجانه‌ به‌ چه‌ند كاتژمێرێك بوو پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌وه‌ز بن عۆف، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى راگوزه‌ر و جێگرتنه‌وه‌ى له‌لایه‌ن عه‌بدولفه‌تاح بورهان-ه‌وه‌.

هێزه‌كانى گۆڕان داواى زامنكردنى پڕۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى خێزاى ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن بۆ حكومه‌تى مه‌ده‌نى راگوزه‌ر له‌رێى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌ى هێزه‌كانى راگه‌یاندنى ئازادى و گۆڕان، له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ر بڕیارێكى توند.

له‌ به‌یانناكه‌یه‌كدا كه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستى پاراستنى سه‌رجه‌م هێماكانى ده‌سه‌ڵاتى پێشوو له‌ تێوه‌گلاوان به‌ تاوانى دژ به‌ گه‌ل تا راده‌ستكردنیان به‌ دادگاى دادپه‌روه‌رانه‌ كه‌ تیایدا له‌سه‌ر كرده‌وه‌كانیان رووبه‌ڕووى لێپێچینه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌.

هێزه‌كانى راگه‌یاندنى ئازادى و گۆڕان ئاشكراشیكرد: تا جێبه‌جێكردنى كۆى ئه‌و داخوازییانه‌ پێویسته‌ پابه‌ندبین به‌ مانگرتنمان له‌ به‌رده‌م فه‌رمانده‌یى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ پایته‌خت و مانگرتنمان له‌ ویلایه‌ته‌ جیاجیاكانى سودان و مانگرتن له‌ كارى سه‌رتاسه‌رى.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ رۆژنامه‌ى (راكوب)ى سودانى بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ عومه‌ر به‌شیر، سه‌رۆكى له‌سه‌ركارلادراوى سودان شه‌وى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو هه‌وڵى هه‌ڵهاتنى بۆ ده‌وڵه‌تێكى عه‌ره‌بى داوه‌، به‌ڵام له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى خه‌رتوم رێگه‌ به‌ نیشتنه‌وه‌ى فڕۆكه‌كه‌ى نه‌دراوه‌.

هه‌ر به‌پێى رۆژنامه‌كه‌ به‌شیر مه‌به‌ستى بووه‌ روو له‌و وڵاته‌ بكات كه‌ پێشتر هه‌لى په‌نابردنى بۆ ره‌خساندووه‌، به‌ڵام دواتر وڵاته‌كه‌ بانگێشته‌كه‌ و میوانداریكردنه‌كه‌ى ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش هیچ ئه‌گه‌رێكى له‌ به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ مانه‌وه‌.

وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure