دادوه‌ران پشتیوانى خۆپیشانده‌ر و ناڕازییانى جه‌زائیر ده‌كه‌ن

هەواڵ / جیهان :: 13/04/2019‌ :: 113‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

یانه‌ى دادوه‌رانى ئازاد له‌ جه‌زائیر ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى و چاودێرى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ له‌ 4ى ته‌مموزى داهاتوو ئه‌نجامبدرێت و حكومه‌ته‌كه‌ى نوره‌دین به‌ده‌وى ره‌تكراو له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانى جه‌زائیره‌وه‌ چاودێرى ده‌كات.


چونه‌ پاڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌ میللییه‌كان كه‌ له‌و وڵاته‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌رانه‌وه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ى سه‌رپه‌رشتیكردن و چاودێرى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى لێدانێكى ئازاربه‌خشه‌ بۆ رژێم، پشتیوانییه‌كى به‌هێزیشه‌ بۆ ئه‌و داواكارییانه‌ى خۆپیشانده‌ران به‌رزیان كردوه‌ته‌وه‌.

یانه‌ى دادوه‌رانى ئازاد ئاشكراشیكرد: پڕۆسه‌ى پێداچونه‌وه‌ به‌ لیسته‌كانى هه‌ڵبژاردن وه‌ك ئاماده‌كارى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى بایكۆت ده‌كات كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن عه‌بدولقادر بن ساڵح سه‌رۆكى كاتى جه‌زائیره‌وه‌ راگه‌یه‌نرا.

له‌وه‌ته‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ میلییه‌كان له‌ 22ى شوباتى رابردوو سه‌ریهه‌ڵداوه‌ دادوه‌ران چه‌ند هه‌ڵوێستێكى پشتیوانیان بۆ خۆپیشانده‌ران نیشانداوه‌، سه‌ره‌تا له‌ راگه‌یاندنى دووباره‌ خۆپاڵاوتنه‌وه‌ى سه‌رۆكى له‌سه‌ركارلادراو بۆ ویلایه‌تى پێنجه‌م تا چه‌ندین هه‌ڵوێستى دیكه‌.

دابه‌زینى دادوه‌ران بۆ ناو شه‌قامى جه‌زائیر رووداوێكه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌وه‌ته‌ى سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ ساڵى 1962 به‌خۆیه‌وه‌ نه‌یبینیووه‌.

دادوه‌رانى ناڕازیى له‌ چه‌ندین شارى جه‌زائیر چه‌ندین دروشمیان به‌رزكردبوه‌وه‌ له‌وانه‌ "دادوه‌ریى سه‌ربه‌خۆ" و "دادوه‌ران رۆڵه‌ى گه‌لى جه‌زائیرن" و "یاسا له‌ سه‌روو هه‌مووانه‌وه‌یه‌".

پێشتر عه‌بدولقادر بن ساڵح، سه‌رۆكى كاتى جه‌زائیر مه‌رسومێكى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرد كه‌ تیایدا بانگێشتى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنى كرد بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى له‌ 4ى ته‌مموزى داهاتوو، سه‌ره‌ڕاى ره‌تكردنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان به‌رامبه‌ر خۆى و بڕیاره‌كانى.

وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure