كۆد بۆ دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كانى سلێمانى داده‌نرێت

هەواڵ / کوردستان :: 12/04/2019‌ :: 963‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، سامان قوبادى

له‌ سلێمانى كۆد بۆ سه‌رجه‌م دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان داده‌نرێت، جێگرى سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت: دانانى ئه‌و كۆده‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى و وه‌رگرتنى پاره‌ى ژینگه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر فڕێدانى خۆڵ و خاشاك وه‌رده‌گیرێت.


ئاكۆ عه‌لى، جێگرى سه‌رۆكى شاره‌وانى سلێمانى (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى نیسانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ سلێمانى ده‌ست به‌ دانانى كۆد كراوه‌ بۆ سه‌رجه‌م دوكان و ئۆفیسه‌ بازرگانییه‌كان، دانانه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى شاره‌وانى سلێمانییه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

وتیشى: "له‌ڕێى كۆده‌كه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت بزانین دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان ژماره‌یان چه‌نده‌، مه‌به‌ستیش له‌مه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر فڕێدانى خۆڵ و خاشاك له‌و شوێنانه‌ وه‌رده‌گیرێت" ئه‌وه‌شى وت: ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ وه‌رگرتنى كۆمه‌ڵێك زانیارى له‌سه‌ر كارى كۆمپانیاكه‌ و شوێنه‌كه‌ى.

جێگرى سه‌رۆكى شاره‌وانى باسى له‌وه‌شكرد: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ شارى سلێمانى كراوه‌ به‌ شه‌ش زۆنه‌وه‌، له‌ئێستادا دانانى كۆده‌كه‌ ته‌نیا له‌ زۆنى یه‌كى سلێمانى كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت.

لە بەرامبەر فڕێدانى خاشاکى دوکان و شوێنە بازرگانییەکان لە نێوان 5 تا 15 هەزار وەردەگیرێت بەپێی جۆرى شوێنە بازرگانییەکە. بڕه‌كه‌ بۆ ماڵان مانگانه‌ نزیكه‌ى سێ هه‌زار دیناره‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure