زیادكردنەوەی دەوام فشار لەسەر شەقامەكانی سلێمانی دروستده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/04/2019‌ :: 565‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەهۆی نەمانی پاشەكەوتی مووچە و زیادكردنەوەی دەوام فشاری هاتووچۆ لەسەر شەقامەكان لەكاتی دەوامی بەیانیان زیادیكردووە، به‌رپرسێكى ئیداریش ده‌ڵێت: پێشتر كەمكردنەوەی دەوام بەهۆی دۆخێكەوە بووە و ئێستا ئەو دۆخە نەماوە.


سەرەتای ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی داراییەوە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی پەیڕەوكرد ئەوەش فەرمانبەرانی ناچاركرد دەوامەكانیان كەمبكەنەوە، بەڵام لە 8ى ئازارى رابردوودا بڕیاردرا بەلابردنی پاشەكەوت، له‌ به‌رامبه‌ریشدا له‌لایه‌ن زۆرینه‌ى وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانه‌وه‌ ده‌وامى فه‌رمانبه‌ران وه‌ك دۆخى پێش قه‌یران ئاسایشى كرایه‌وه‌ ئەوەش بۆتە هۆی دروستبوونی فشاری هاتووچۆ لە شەقامەكان.

عومەر ئەحمەد، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: بەپێی یاسا فەرمانبەر هەفتەی پێنج رۆژ و لە رۆژێكیشدا شەش كاتژمێر كاردەكات لە 8ی بەیانی تا 2ی پاشنیوەڕۆ، بەڵام كەمكردنەوەی دەوامی هەندێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان بەهۆی قەیرانی دارایی و پاشەكەوتی مووچەوە بەبڕیار نەبووە، بەڵكو بەهۆی دۆخێكی تایبەتەوە دروست ببوو.

وتیشى: "ئێستاش بەشێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكان خۆیان بڕیاریانداوە دەوام ئاسایی بكەنەوە، زەحمەتیشە بۆ زیادكردنی دەوام بڕیار دەربچێت، چونكە هۆكارەكانی ئاساییكردنەوەی دەوام نەماون".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری پارێزگای سلێمانی كە بەدواڕۆژ دراوە، لەنێو قەزای سلێمانی 121 هەزار و 695 هەزار فەرمانبەری هەمیشەیی و سێ هەزار و 118 فەرمانبەری گرێبەست هەیە، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش 202 هەزار و 436 فەرمانبەری هەمیشەیی و چوار هەزار و 191 فەرمانبەری گرێبەست هەیە، جگە لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش.

به‌هۆى لاوازى سیستمى گواستنه‌وه‌ى گشتى، به‌شێكى به‌رچاوى فه‌رمانبه‌ران ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت بۆ گه‌یشتن به‌ شوێنى ده‌وام به‌كارده‌هێنن، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌یانیان شه‌قامه‌كان به‌ ئۆتۆمبێل پڕببنه‌وه‌.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ كە بەدواڕۆژ دراوە 500 هەزار ئۆتۆمبیل لە پارێزگای سلێمانی هەن، بەڵام نازانرێت لەو ژمارەیە چەندیان لەنێو سه‌نته‌رى شاردان، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ده‌زانرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژماره‌كه‌ به‌پێى تواناى شه‌قامه‌كان نیه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا ده‌وام زیادیكردوه‌ته‌وه‌.

كاروان حەمەسدیق: وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتى: ئەو ئۆتۆمبیلانەی تۆماركراون و ئەوانەی دێنە هەرێم و ئەوانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقن هاتووچۆ بەسەر شەقامەكانی سلێمانی دەكەن لۆدى دروستكردووه‌، ئەركی ئەوانیش رێكخستنی هاتووچۆیە.

"لەو كاتەوەی قەیرانی پاشەكەوتی مووچە نەماوە، تێبینی دەكرێت هاتووچۆی شەقامەكانیش لەكاتی دەوامدا زۆر زیادیكردووە"، ئەوە قسەی كەمال حەمەڕەشیدی  تەمەن 45 ساڵە لە یەكێك لەبنكە تەندروستییەكانی شاری سلێمانی.

ئەو فەرمانبەرە ئاماژەی بەوەكرد: ئەوان پێش چاككردنی مووچە هەفتەی سێ رۆژ دەوامیان دەكرد، بەڵام ئێستا ئۆفیان نەماوە و وتی: "زیادكردنەوەی دەوام فشاری لەسەر شەقامەكان دروستكردووە و بەیانیان زۆر قەرەباڵغە، چونكە زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەكان سیستەمی دەوامیان وەك پێشتر لێكردۆتەوە".

تریفە عەبدولڕەحیم، فەرمانبەرێكی دیكەیە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە كە خۆی ئۆتۆمبێلی هەیە و هاتووچۆى پێدەكات وتى : بێگومان دوای نەمانی پاشەكەوت فشاری سەر شەقامەكان لەكاتی دەستپێكردن و تەواوبوونی دەوام زیادبووە.

به‌ وته‌ى ئەو فەرمانبەرە به‌شێكى دیكه‌ى لۆدى سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیانەكردنەوەی شەقامەكان كه‌ له‌م كاته‌دا له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌ وته‌ى ئه‌و ده‌بوو دەبوو ئه‌نجامدانى له‌كاتێكى دیكه‌ بووایه‌ تا ئاستەنگ بۆ هاوڵاتیان دروستنەكرێت.

به‌ڵام سەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: سیانەكردنی شەقامەكان لەم وەرزەدا بەشەو ناكرێت، چونكە ئەو پێداویستییانەی بەكاردەهێنرێت خۆیان ناگرن، ئەگینا لە مانگەكانی حوزەیران و تەمموزدا زۆربەی ئیشەكان بەشەودا دەكرێن، چونكە بۆ سیانەكردنی شەقامەكان پلەی گەرما رۆڵی هەیە كە رێگەدەدات بۆ ئیشكردن.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى بەڕێوەبەرایەتییەكانه‌ بۆ زیادكردنی دەوام لەدوای نەمانی پاشەكەوتی مووچە جیاوازن، د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: لای ئەوان رۆژانی ئۆف نەماوە و هەفتەی شەش رۆژ دەوام دەكرێت و لەنێو دیوانیش جێبەجێ دەكرێت.

بەڵام بەكر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: تائێستا دەوامی پێش چاككردنی مووچە دەستكاری نەكراوە، چونكە ساڵی خوێندن بەرەو كۆتایی دەڕوات و مامۆستایان لەسەر ئەو سیستەمی دەوامە جێگیربوون گرنگ ئەوەیە ئەو مەنهەجەیان تەواوبكەن.

سەبارەت بەدەوامی فەرمانبەرانیش وتی: "پێمانوایە بۆ ئەمساڵی خوێندن تا دوای تاقیكردنەوەكان بەمشێوەیە بێت باشترە، دوای تاقیكردنەوەكان سیستەمی دەوام رێكدەخەینەوە، ئێستا فەرمانبەرانیش لە سێ تا چوار رۆژ دەوام دەكەن".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure