ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى سودان راده‌ستكردنى به‌شیر به‌ دادگاى نێوده‌وڵه‌تى ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 12/04/2019‌ :: 214‌ جار بینراوە
عومه‌ر به‌شیر،ى سه‌رۆكى له‌سه‌ركارلادراو

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى سودان راده‌ستكردنى عومه‌ر به‌شیر،ى سه‌رۆكى له‌سه‌ركارلادراو به‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ره‌تده‌كاته‌وه‌.


فه‌ریقى یه‌كه‌م عومه‌ر زه‌ین لعابدین، سه‌رۆكى لیژنه‌ى سیاسى راسپێردراو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى قۆناغى گواستنه‌وه‌ له‌ سودان رایگه‌یاند: به‌شیر راده‌ستى لایه‌نى ده‌ره‌كى ناكه‌ین، به‌ڵكو له‌نێو سودان دادگایى ده‌كه‌ن چونكه‌ ئه‌مه‌ "به‌ها و ره‌وشتى ئێمه‌یه‌".

پێشتر نوسینگه‌ى مافى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داواى له‌ سودان كرد هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بكات كه‌ یاداشتى بۆ ده‌ستگیركردنى عومه‌ر به‌شیر،ى سه‌رۆكى له‌سه‌ركارلادراو ده‌ركردووه‌ به‌ تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى جه‌نگ به‌ر له‌ نزیكه‌ى 15 ساڵ.

زه‌ین لعابدین ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى روودانى كوده‌تاى سه‌ربازى ره‌تكرده‌وه‌ و سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ وتى: "كوده‌تاى سه‌ربازیمان نه‌كردووه‌، ئێمه‌ هاتووین وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ویستى گه‌لى سودان".

 ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ده‌ڕۆین بۆ لاى مانگرتووان و ناڕازییان له‌ شوێنى مانگرتنه‌كه‌یان بۆ گوێگرتن له‌ داواكارییه‌كانیان له‌ڕێى گفتوگۆوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر (...) هه‌ر كه‌سێكیش خۆپیشانده‌ر بكوژێت له‌رێى دادگاوه‌ لێپرسینه‌وه‌ى لێده‌كه‌ین".

دوێنێ فەریقی یەکەمی روکن عەوەز بن عۆف، وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆک کۆماری سودان رایگه‌یاند: هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی بەشیر-یان دەستگیرکردووە و لە شوێنێکی ئارامدا پارێزراوە. ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان له‌ دژى چوار مانگى خایاند كه‌ تیایدا داواى له‌سه‌ركارلابردنیان ده‌كرد به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ و تێكچونى گوزه‌رانى هاوڵاتیان.

دوابه‌دواى ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى قۆناغى گواستنه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ راگه‌یه‌نرا له‌گه‌ڵ په‌كخستنى كاركردن به‌ ده‌ستورى ساڵى 2005 ، هه‌روه‌ها بارى له‌ناكاو بۆ ماوه‌ى سێ مانگ له‌سه‌رتاسه‌رى وڵات راگه‌یه‌نرا.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure