نوێترین زانیاری له‌سه‌ر کەیسی سوتانى سێوە قادر و منداڵەکانی

هەواڵ / کوردستان :: 12/04/2019‌ :: 36571‌ جار بینراوە
سێوە قادر

دواڕۆژ، بەختیار شەریف

لەسەر کەیسی سێوە قادر و منداڵەکانی دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بەسیفەتی شاهید بانگی چەند کەسێکی دیکەی کردووە بۆ وته‌وەرگرتن.


سامی ساتی، پارێزەری تۆمەتباری دووەم و ئاگادار لە کەیسەکە (ئەمڕۆ هەینی 12ی نیسانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لەسەر کەیسەکە بەردەوامە و تاڕادەیەکیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، تائێستاش ته‌نها دوو کەس بە تۆمەتی ئەو رووداوە دەستگیرکراون.

وتیشى: "جگە لەو دوو تۆمەتبارە، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بۆ گەیشتن بەڕاستی رووداوەکە و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە، بەسیفەتی شاهید بانگهێشتی سێ کەسی دیکەی کردووە بۆ وتەوەرگرتن، تابزانرێت سێوە قادری قوربانی لەکاتی رووداوەکە و گواستنەوەی لە ماڵەوە بۆ نەخۆشخانەی چەمچەماڵ و لەکاتی گواستنەوەی لە نەخۆشخانەی چەمچەماڵەوە بۆ نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی هیچ زانیارییەک یاخود قسەیەکی لەسەر تۆمەتبارکردنی (د.م) مێردی یان کەسێکی دیکە نەکردووە".

لە 16ى کانوونی یەکەمی 2018 بەهۆی ئاگرێكه‌وه‌ لە ماڵێکی گەڕەکی ئاسوودەی قەزای چەمچەماڵ، دایکێک و سێ منداڵەکەی سووتان، دەست بەجێ منداڵەکان گیانیان لەدەستدا و دایکیشیان بەناوی (سێوە قادر) دوای زیاتر لەهەفتەیەک مانەوەی لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، باوکی سێوەش "مێردی کچەکەی بەوە تۆمەتبارکرد، کە ژنەکەی و هەرسێ منداڵەکەی سووتاندووە".

ئەو پارێزەره ئەوەشی وت: "ئەو کەسانەی بانگکراون و وتەیان لێوەرگراوە، ژنێک و پیاوێکی دیکەیه‌ کە هاوسێی ماڵی سێوەن و گەیاندوویانە بە نەخۆشخانە، لەگەڵ ئەو کارمەندە تەندروستیەی کە لە ئەمبوڵانس لەگەڵیدا بووە تا گەیشتونەتە نەخۆشخانەی سلێمانی، بەڵام تائێستا کارمەندەکە وتەی لێوەرنەگیراوە".

سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان و حوکمی دوو تۆمەتباری زیندانیکراو وتی: "لەئێستادا کە لێکۆڵینەوەکان بەرەو کۆتایی دەچن، ئەوەی لە دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوەیە حەواڵەکردنێتی بۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی، یان بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە دەتوانێت ئازادیان بکات، بەڵام بڕیاری سزادان (حوکم دان) لای دادگای تاوانەکانە نەک دادگای لێکۆڵینەوە".

سەبارەت بە تۆمەتباری دووەم کە ژنێکە سامی ساتی وتی: "تۆمەتباری دووەم بەناوی (س) تائێستا هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبۆتەوە، هیچ بەڵگەیەکیش دژی تۆمەتباری ناوبراو نیە، کە دەستی هەبێت لە سووتاندن یان مردنی قوربانیەکاندا".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure