به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزار: داپۆشینی کەپرەکانی دوکان نەبۆتە ھۆی کەمبونەوەی گەشتیار

هەواڵ / ئابوری :: 12/04/2019‌ :: 455‌ جار بینراوە
ده‌ریاچه‌ى دوكان فۆتۆ: دواڕۆژ

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لەگەڵ ئەوەی سەیرانگای قەشقۆڵی بە تەواوی ئاو دایپۆشیوه‌ و لەدوای نەورۆزى ئەمساڵەوە هیچ گەشتیارێك نەیتوانیوە تیایدا بمێنێتەوە، به‌ڵام بەڕێوەبەری گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت کە ژمارەی گەشتیار کەمی نەکردووە.


رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى نیسانى 2019) بە دواڕۆژی وت: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌پره‌كان به‌كه‌ڵكى گه‌شتیاران نه‌ماون، به‌ڵام ئێستا رێژەیەکى زیاتری گەشتیار روو له‌  دوکان ده‌كه‌ن".

وتیشی: "پڕبونی بەنداوی دوكان و سەرێژکردنی بێڵ ماوس و سپێڵەی دەریاچەی بەنداوی دوکان وایکردووە کە گەشتیارێکی زۆر رووى لێبكات کە ھەندێکجار ئاستەنگی ھاتووچۆى دروستکردووە".

بەھۆی زۆربونی ئاوی بەنداوی دوکان و بەردانەوەی ئاوی زیاتر رێژەی ئاو لەناو سەیرانگای قەشقۆڵی بەرزبۆتەوە و ئەو کەپرانەی خەڵی سه‌یرانیان لێدەکرد بەئاو داپۆشراوە.

رێژین ئاماژەی بەوەشدا: لەئێستادا خاوەن چێشتخانە و دوکانەکان سودی زۆریان پێدەگات کە ھاووڵاتیان سەردان دەکەن و لەوێ نان دەخۆن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رووبەرێکی زۆریش لە دەریاچەی دووکان ھەیە بۆ گەشتیاریی کە ھاووڵاتیان دەتوانن بۆی بچن و بێ به‌رامبه‌ر تیایدا بمێننه‌وه‌.

پێشتر کاروان ئه‌حمه‌د، خاوه‌نی یه‌كێك له‌ كابینه‌ گه‌شتیارییه‌كانى دووكان به‌ دواڕۆژى وت: ساڵانى رابردوو له‌م کاته‌دا کابینه‌کانم به‌رده‌وام پڕبوون له‌ گه‌شتیار و له‌دوای نه‌ورۆزه‌وه‌ گه‌شتیارێکی زۆر رووی تێده‌کردین، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌ دوای باران و زۆربونی ئاوی زێیەکە ئێمه‌ ئیشمان راوه‌ستاوه‌ و گه‌شتیار روومان تێناکات.

وتیشی: "ساڵانی رابردوو 10 رۆژ دوای نەورۆز قازانجی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆلارمان ده‌بوو، به‌شێکی زۆری شاگرد و کرێکار کاریان لای ئێمه‌ ده‌کرد، به‌ڵام له‌ئێستادا ئیشمان وه‌ستاوه‌ و ئه‌مساڵ نه‌مانتوانیوه‌ قازانجێکی وه‌ها بکه‌ین که‌ سودی هه‌بێت و خه‌ڵکی زیاتر کاربکات لامان".

هاوكات هه‌ڵگورد نوری، خاوه‌نی که‌پر و کابینە له‌ دوکان بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "زه‌ره‌ر و زیانی من به‌ 10 هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، چونکە لەئێستادا ئاو به‌رزبۆته‌وه‌ و که‌پره‌کانم هه‌موویان ژێرئاو که‌وتون، کابینه‌کانیشم راوه‌ستاون لەکارکردن".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە