بەجیاوازی یەك كورسی ناتانیاهۆ پۆستەكەی خۆی وەرگرتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/04/2019‌ :: 2672‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، ئازوو محەمەد


رۆژی سێشەممە 11ی نیسان، حیزبی لیكۆدی راستڕەو بە سەرۆكایەتی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیران بە 37 كورسی بەرامبەر بە 36 كورسی حیزبی ركابەر، سەركەوتنی راگەیاند.

بەڵگەكان دەریدەخەن ناتانیاهۆ لە زووترین كاتدا پێنجەمین قۆناغی سەرۆك وەزیرانی خۆی دەستپێدەكاتەوە.

رادیۆ فەردای فارسی لە راپۆرتێكیدا لەسەر پرسی سەركەوتنی بنیامین ناتانیاهۆ نووسیوێـتی: سەر لەبەیانی رۆژی چوارشەممە 10ی نیسان، ناتانیاهۆ، یان پاشای بی بی، سیاسەتەمەداری 69 ساڵان و سارای هاوسەری بە ماچێكی ئاشقانە، سەركەوتنەكەیان لەنێوان هەوادارە سەرسەختەكانیان، پیرۆز كرد.

راپۆرتەكە ئەگەری ئەوەی نیشانداوە، لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ئەو خۆشییانە بۆ بار قورسی و سزای یاسایی بگۆڕێت و كاری حكومەتە نوێیەكەی ناتانیاهۆ ئیفلیج بكات. 

دوای جیاكردنەوەی 97%ی دەنگەكان كە دوێنێ چوارشەممە كۆتایی پێهات، حیزبی لیكۆدی راستڕەو و هاوپەیمانییە ركابەرەكەی، "شین، سپی" بە سەرۆكایەتی ژەنەڕاڵی پێشوو بینی گانس و لائید لاپیر هەریەكەیان 35 كورسییان بۆ خۆیان مسۆگەر كردووە. 

بەڵام باڵی راستڕەو  بەهۆی فرەحیزبی راستڕەوەكان كە هەركامیان خاوەن چەندین كورسین و بەلایەنگری لەمێژینەی ناتانیاهۆش ئەژمار دەكرێن، لەكۆی 120 كورسی 65 كورسییان بەدەستهێناوە.

هاوپەیمانی"شین، سپی" بە شەش كورسی حیزبی میانەڕەوی كرێكاری و چوار كورسی حیزبی چەپڕەوی مۆرتز و پاڵپشتی دە كورسی حیزبە عەرەبییەكان، لە باشترین حاڵەتدا لەوانەیە  55 كورسی بەدەستبێنێت.

بەگوێرەی میدیا ئیسرائیلییەكان: رەوفین ریفلین، سەرۆكی ئیسرائیل دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ سەركردەی حیزبەكانی ئە وڵاتە، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، كابینەی حكومەتی نوێ پێكدێنێت و ئەگەر لەو ماوەدا پێكنەهێنرا، لە دەسەڵاتیدا هەیە بۆ دوو هەفتەی دیكە ماوەی پێكهێنانی حكومەت درێژ بكاتەوە.

بەڵام سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چاوەڕێی فەرمانی ریفلینی نەكردووە و تەنیا چەند خولەكێك دوای كۆتایی هاتی هەڵبژاردنەكان، پاش پەیوەندیكردن بە سەركردەی حیزبە راستڕەو  و ئایینییەكان، كاری پێكهێنانی حكوومەتە نوێكەی دەستپێكردووە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ناتانیاهۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتە نوێكەی ناچار بە دابەشكردنی كورسی نێوان حیزبە راستڕەو و ئایینییەكانە، وادەردەكەوێت كابینە تازەكەی لەڕووی داراییەوە پاڵپشتی تەواو لە ئەرسەدۆكسەكان بكات و دابینكەری خواست و ویستی راستڕەوە توندەكان بێت. 

سەرەڕای ئەمانەش، زۆربەی چاودێرانی سیاسی ئیسرائیل دەڵێن "سێ كەیسی گەندەڵی بنیامین لەژێر دەستی دادوەردایە، كە لە چەند مانگی داهاتوودا دەچێتەوە بواری لێكۆڵینەوە، كە گەر تاوانباربوونی بسەڵمێندرێت، ئیسرائیل جارێكی دیكە رووبەڕووی هەڵبژاردن دەبێتەوە".

لەلایەكی دیكەشەوە، بە پاڵپشتی پەرلەمانتارانی لایەنگەری ناتانیاهۆ باس لە ئەگەری پەسەند بوونی یاسایەكی نوێ لە پەرلەمانی ئە وڵاتە هەیە، كە رێگری دەكات لە درێژەی دادگایی كردنی بنیامین.

لای خۆشیەوە "بینی گانس" سەرۆكی هاوپەیمانی "شین، سپی" و ژەنەڕاڵی پێشوو، رۆژی چوارشەممە 10ی نیسان، بە لەبەرچاو گرتنی بارۆدۆخی ناتانیاهۆ رایگەیاند: سی و پێنج كورسی بۆ ئەو هاوپەیمانییە بەهرە و سامانێكی گەورەیە و ئێستاش ئەگەری گۆڕانی بارودۆخەكە هەیە.

گانس شەوی سێشەممە پێش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، سەركەوتنی پێشوەختەی خۆی راگەیاند كە بە هۆیەوە كەوتە بەر رەخنەی لیكۆد و راستڕەوەكان.

41 حیزب و لیست ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەم قۆناغەی ئیسرائیل تۆمار كردبوو، بەڵام تەنیا 11 حیزب كورسییان بەدەستهێناوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure