نرخى چه‌كى به‌ڵێنده‌ران به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 11/04/2019‌ :: 705‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لەگەڵ نەمانی پاشەکەوتی مووچە و خەرجکردنی پارەی بەشێک لە بەڵێندەران، نرخی مامەڵەکردن بە چەکی بانکی به‌رزده‌بێته‌وه‌.


میران کامل، وتەبێژی  لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانى كوردستان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ى نیسانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: لەئێستادا نرخی مامەڵەکردن بە چەکی بانکی لە بازاڕەکاندا بەرزبۆتەوە.

وتیشى: "نرخی ھەر 100 دۆلار بە چەک بەرامبەرە بە 160 ھەزار دیناری عێراقی، لە کاتێکدا لەماوەی رابردوودا 100 دۆلار تا 360 ھەزار دینار رۆیشت".

وتەبێژەکەی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران ئاماژەی بەوەشدا: ئەوانەی ئەو چەکە دەکڕن زۆربەی ئەو کەسانەن کە مامەڵەیان لەگەڵ حکومەت ھەیە یان بازرگانن ئەو پارەیە وەک چەک دەدەنەوە بەحکومەت، کاتێک ئەو چەکە دەکڕدرا لە بەڵێندەرێک لەڕێگەی ژمارە بانکی بەڵێندەرەکەوە دەگوازرایەوە بۆ سەر ژمارە بانکی کڕیارەکە، بەڵام لەئێستادا ھەموو جۆرە مامەڵەیەک بە گواستنەوەی ژمارە بانکی راوەستاوە و ھیوایەک بۆ بەڵێندەران گەڕاوەتەوە.

ئه‌وه‌شى وت: "لەگەڵ باشبوونی رەوشی ئابووری کوردستان و خەرجکردنی پارە بۆ بەڵێندەران لەئێستادا بەڵێندەران ھیوایان بەو چەکانە ھەیە، کە پێیانە تا حکومەت بۆیان خەرجبکات و پارەکانیان بۆ بگەڕێتەوە، بۆیە لەئێستادا نرخی چەکی ژمارە بانکی بەڵێندەران بەرزبۆتەوە".

لەساڵانی رابردوودا بەھۆی خەرجنەکردنی پارەی بەڵێندەران لەلایەن حکومەتەوە بەڵێندەران ناچاربوون بە فرۆشتنی چەکی ژمارە بانکیان بەنرخێکی جیاواز لەبازاڕدا کە بۆ ھەر 100 دۆلار بڕی 360 ھەزار دینار دەشکێنرایەوە، ئەوەش زیانی زۆری بە بەڵێندەران گەیاند.

محەمەد ئسماعیل، بازرگانى دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕى دراوى سلێمانى بەدواڕۆژی وت: مامەڵەی چەکی بانکی لەبازاڕدا بەردەوامە لەمڕۆدا مامەڵەی ھەر 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 160 ھەزار دینار.

وتیشى: "بەڵێندەران ناچاربوون کە ئەو چەکانە بفرۆشن، چونکە حکومەت پارەی بۆ خەرج نەدەکردن، بەڵام لەبازاڕی رەشدا تەنیا بەوشێوەیە مامەڵەی پێوەدەکرا، بۆیە لەئێستادا رۆژانە نرخەکەی گۆڕانکاری بەسەردادێت".

ئەو بەڵێندەرانەی کە خاوەنی چەکی بانکی بوون و قەرزداربوون، ناچارانه‌ چەکی بانکیان  ھەرزانفرۆش ده‌كرد تا بەشێک لە قەرزەکانیان بدەنەوە، بەوەش تووشی زیانێکی گەورەبوون.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure