سەرۆكی سودان دەستگیركرا و ئەنجومەنی سەربازی حاكمی وڵات دەبێت

هەواڵ / جیهان :: 11/04/2019‌ :: 474‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

جێگری سەرۆک کۆماری سودان رایده‌گه‌یه‌نێت: هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی عومەر ئەلبەشیر، سەرۆک کۆماری لەکارلادراویان دەستگیرکردووە و لە شوێنێکی ئارامدا پارێزراوە.


لە بەیاننامەیەکدا فەریقی یەکەمی روکن عەوەز بن عۆف، وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆک کۆماری سودان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی نیسانی 2019) لە په‌یامێكى ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م زیندانییە سیاسییەکان ئازاد دەکرێن و بۆ ماوەی سێ مانگ باری نائاسایی لە تەواوی وڵات رادەگەیەنرێت.

عۆف ئەوەشی خستەڕوو: بڕیاریانداوە لە کاتژمێر 10ى شەوەوە تاکو 4ی بەیانی بۆ ماوەی مانگێک هاتووچۆ قەدەغەبکرێت و تەقەکردنیش بەهەموو شێوەکانی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران بە تووندی سزادەدرێن.

ئاماژه‌شیدا بەوەی سەرجەم دەزگاکانی سەرۆکایەتی کۆمار هەڵدەوەشێنرێتەوە و لە شوێنیان ئەنجومەنێکی سەربازی دەسەڵاتدار پێکدەهێندرێت، بەڵام پەرلەمان و دادگای وڵات لە کارەکان بەردەوام دەبن و یاسا سەروەر دەبێت.

بەوتەی ناوبراو دەستووری سودان پەكخراوە و ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی وەزیران و حكومەتە خۆجێییەكان هەموویان هەڵوەشێنراونەتەوە.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا عومه‌ر حەسەن ئەلبه‌شیر، سه‌رۆكی سودان له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخرایه‌وه‌.

 

فەریق روكنی یەکەم عەوەز محەمەد ئەحمەد بن عۆف پێشتر چەندین پۆستی جیاوازی هەبووە لەوانە:

سەرکردەی هێزی تۆپخانەی گشتی و بەڕێوەبەری گشتی دەزگای هەواڵگریی دەرەکی بووە.

سەرۆکی دەستەی ئاسایش و هەواڵگری و جێگری سەرۆک ئەرکانی هاوبەش و باڵیۆز و بەڕێوەبەری ئیدارەی قەیرانەکان بووە لە وەزارەتی دەرەوە.

کونسڵی گشتی سۆدان بووە لە قاهیرەی پایتەختی میسر و دواتر باڵیۆزی سودانیش بووە لە سەڵتەنەی عوممان.

پێشتر عادل مه‌حجوب حسێن، وه‌زیری به‌رهه‌مهێنان و سه‌رچاوه‌ داراییه‌كان له‌ باكوری دارفور رایگه‌یاندبوو: گفتوگۆكان به‌رده‌وامن بۆ پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نێكی سه‌ربازی بۆ ئه‌وه‌ی دوای دوورخستنه‌وه‌ی عومه‌ر به‌شیر ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌به‌رێت.

هەر ئەمڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سودان به‌ سایتی رۆیته‌رزی راگه‌یاند: به‌شیر له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تییه‌ و له‌ژێر چاودێرییه‌كی ورد و چڕوپڕی سه‌ربازیدایه‌.

لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە دوای لەكارلادانی بەشیر، به‌ ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی سودانی رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان له‌ سه‌نته‌ری شاری خه‌رتوم سه‌ما ده‌كه‌ن و هوتاف دژی به‌شیر ده‌ڵێنه‌وه‌.

وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچونه‌وه‌: ئارام غه‌فور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure