په‌رله‌مان داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات پاره‌ى جوتیاران بدات

هەواڵ / عێراق :: 11/04/2019‌ :: 780‌ جار بینراوە
وه‌رزى دروێنه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌

دواڕۆژ، به‌غدا

جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران بدات، چونكه‌ وه‌رزى دروێنه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌.


حه‌سه‌ن كه‌ریم كه‌عبى، جێگرى یه‌كه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ى نیسانى 2019) رایگه‌یاند: داوایكردووه‌ حكومه‌ت قه‌ره‌بووى جوتیاران بكاته‌وه‌ له‌و زیانانه‌ى كه‌ به‌ر به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان كه‌وتووه‌ به‌هۆى لافاو و زریانه‌وه‌.

كه‌عبى داواشى له‌ حكومه‌ت كردووه‌ "شایسته‌كانى جوتیاران بدات، چونكه‌ وه‌رزى دروێنه‌ هاتۆته‌پێش".

به‌پێى نووسینگه‌كه‌ى ئه‌و داواكارییه‌كه‌ى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌میانه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كشتوكاڵى په‌رله‌مان و به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زیرى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و وه‌زیرى كشتوكاڵ و په‌رله‌مانتارانى پارێزگاكان بووه‌.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تائێستا 570 ملیار دینار پارەی گەنمی ساڵانی 2014 تا 2016ی جوتیارانی هەرێم لای وەزارەتی بازرگانی عێراق ماوە دابەشبكرێت.

بەپێى زانیارییەكان لە ساڵی 2017 وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بڕی 432 هەزار تەن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرت، بەڵام لە ساڵی 2018 بڕەكەی كەمكردەوە بۆ 330 هەزار تەن، بۆیە بەهۆی ئەوەی لە بودجەی گشتی عێراقدا پشكی وەزارەتی بازرگانی عێراقی كەمكراوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا وەرگرتنی گەنم بۆ ساڵی 2019 لە ساڵی 2018 كەمتر دەبێت كە وابڕیارە لە 2019/6/1 دەستبكرێت بە وەرگرتنی گەنم لە سایلۆكانی كوردستان و عێراق.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure