لافاو زیانى هه‌زاران دۆلارى له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان داوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 11/04/2019‌ :: 1279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی زریان محه‌مه‌د

له‌دوای زیادبونی ئاوی به‌نداوی دوکان که‌پره‌کان و به‌شێک له‌شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کانی سه‌ر ئاوی قه‌شقۆڵی زیانیان به‌رکه‌وتووه‌ و کاریان راوه‌ستاوه‌ و زیانه‌كانیشى به‌ هه‌زاران دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.


کاروان ئه‌حمه‌د، خاوه‌نی کابیناتی گه‌شتیاری له‌ سه‌یرانگەی دوکان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "ساڵانه‌ له‌م کاته‌دا کابینه‌کانم به‌رده‌وام پڕبوون له‌ گه‌شتیار له‌دوای نه‌ورۆزه‌وه‌ گه‌شتیارێکی زۆر رووی تێده‌کردین، به‌ڵام ئه‌مساڵ له‌دوای باران و زۆربونی ئاوی زێیەکە ئێمه‌ ئیشمان راوه‌ستاوه‌ و گه‌شتیار روومان تێناکات".

وتیشی: "ساڵانی رابردوو 10 رۆژ دوای نەورۆز قازانجی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆلارمان ده‌بوو، به‌شێکی زۆری شاگرد و کرێکار کاریان لای ئێمه‌ ده‌کرد، به‌ڵام له‌ئێستادا ئیشمان وه‌ستاوه‌ و ئه‌مساڵ نه‌مانتوانیوه‌ قازانجێکی وه‌ها بکه‌ین که‌ سودی هه‌بێت و خه‌ڵکی زیاتر کاربکات لامان".

له‌ئێستادا به‌ته‌واوی ئه‌و که‌پرانه‌ی که‌ جێگه‌ی گه‌شتیاری بون و ساڵانه‌ له‌ رۆژانی پشوو یان هه‌ینیدا هاووڵاتیان گەشتیان تیادا دەکرد، به‌ته‌واوی پڕبوون له‌ ئاو و ژێرئاوکەوتوون.

هه‌ڵگورد نوری، خاوه‌نی که‌پر و کابینە له‌ دوکان بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "زیانی زۆرم به‌رکه‌وتووه‌، ئه‌مساڵ کرێکار و ئه‌وانه‌ی ئیشیان لاده‌کردم ئه‌وانیش بێکاربوون، هه‌ر بۆیه‌ له‌دوای نه‌ورۆزه‌وه‌ من نه‌متوانیوه‌ کاربکه‌م و زیادبونی ئاو که‌پره‌کانی داپۆشیوم". 

ده‌شڵێت: "زه‌ره‌ر و زیانی من به‌ 10 هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، چونکە لەئێستادا ئاو به‌رزبۆته‌وه‌ و که‌پره‌کانم هه‌موویان ژێرئاو که‌وتون، کابینه‌کانیشم راوه‌ستاون لەکارکردن".

رێژین ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری دوکان بۆ دواڕۆژ وتی: "بۆ زیانی ئه‌و خاوه‌ن که‌پر و کابینانه‌ ناتوانین بیخه‌مڵێنین تا لیژنه‌یه‌کی تایبه‌ت به‌و بواره‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێت و سه‌ردانی هه‌موو شوێنه‌کان ده‌که‌ن و داتای ته‌واو وه‌رده‌گرن".

ئارام شوانی، وته‌بێژی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "له‌لایه‌ن ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان لیژنه‌یه‌ک پێکده‌هێنرێت له‌دوای که‌مبونه‌وه‌ی ئاو، بۆ زانینی زیانه‌کان و قه‌ره‌بوکردنه‌وه‌یان به‌پێی ئه‌و زیانانه‌ی لێیانکه‌وتووه‌".

وتیشی: "ئیمه‌ ناتوانین له‌ئێستادا زیانه‌کان دیاریبکه‌ین تا ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێت و دواتر کاره‌کانی ده‌ستپێده‌کات و لیژنه‌که‌ زیانه‌کان راده‌گه‌یه‌نێت و ئێمه‌ش به‌پێی ڕاپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئاڕاسته‌ی حکومه‌تی ده‌که‌ین".

به‌هۆی زۆربونی ئاوی به‌نداوی دوکان، له‌مساڵدا رێژه‌ی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو له‌ به‌نداوه‌که‌ زیادیکرد به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئاوی قه‌شقۆڵی دوکان زیادیکرد و شوێنی دانیشتنی گه‌شتیاران پڕبوو له‌ئاو، خاوه‌ن که‌پره‌کانی دوکان کاریان نه‌ما و که‌پره‌کانیان بوو به‌ژێر ئاوه‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure