بازاڕێكی گه‌وره‌ی كه‌لوپه‌لی چینی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 11/04/2019‌ :: 723‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

بڕیاروایه‌ به‌مزوانه‌ شاندێكی بازرگانانی وڵاتی چین سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و به‌رپرسێكی یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "هاتنی ئه‌و شانده‌ بۆ كردنه‌وه‌ی پێشانگەیه‌كی گه‌وره‌یه‌ و دواتریش بازاڕێك له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌". 


ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یه‌كێتی ژوورەکانی بازرگانی ھەرێم، بە دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای نه‌مانی داعش و باشتربوونی دۆخی ئابووری و بوژانه‌وه‌ی كه‌رتی بازرگانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپی جارێكی تر روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردۆته‌وه‌.

وتیشی: "له‌ رێگه‌ی كونسڵخانه‌ی وڵاتی چین له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ شاندێکی وڵاتی چین سەردانی ھەرێمی کوردستان ده‌کەن بە مەبەستی کردنەوەی پیشانگەیەکی گەورەی کەلوپەلی چینی کە بە کوالێتییەکی بەرز دەبێت و نرخەکانیشی زۆر گونجاو دەبێت، چونکە لە ھاوردەکردنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ پێویستی بە باج نابێت، بۆیە نرخەکەی زۆر گونجاو دەبێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: شانده‌كه‌ كه‌ سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كه‌ن یه‌كه‌م كاریان كردنه‌وه‌ی پێشانگەكه‌ ده‌بێت و گەر لەو کارەیان سەرکەوتووبن ئه‌وكاته‌ بڕیارده‌ده‌ن بازاڕێکی گەورەی چینی لە ھەرێمی کوردستان بکه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌و بازاڕه‌ تەنیا کەلوپەلی چینی بە  نرخێکی زۆر هەرزان و گونجاو بفرۆشرێت و کوالیتیشی زۆر بەرزدەبێت، چونکە ئەوان نایانەوێت لە نرخی کەلوپەلەکانی خۆیان کەمبکەنەوە و ئەوکات تەنیا کەلوپەلی باشی چینی ھاوردە دەکرێت و چیتر کەلوپەلی خراپی چینی ھاوردە ناکرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure